سوپای پاسداران: رادارێکی سوپای ئەمریکامان لە بەحرەین کردە ئامانج

هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرەین (وێنەکە هی جەنگی 40 رۆژەیە)
هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرەین (وێنەکە هی جەنگی 40 رۆژەیە)

سوپای پاسداران رایگەیاند، رادارێکی سوپای ئەمریکایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ بەردەوامبوونی پێشێلکردنی ئاسمانی ئێران لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە. 

 سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، رادارێکی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی "شێخ عیسا" لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.

سوپای پاسدارانی ئێران روونیشی کردەوە، بە ئامانجگرتنی ئەو رادارە ئەمریکییە وەڵامێکە بۆ بەردەوامبوونی پێشێلکردنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، دەستدرێژییە دووبارەکان بۆ سەر کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان و بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە لە دژی ئێران، بێ وەڵام ناهێڵنەوە.

هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکردنەوەی مەترسیی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە و داوای لێ کردن ئارامیی خۆیان بپارێزن و روو لە نزیکترین شوێنی پارێزراو بکەن. 

هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکی دیکەدا هەر ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوەی کرد، لە باشووری دوورگەی قشم دەستیان بەسەر نۆیەم درۆنی ئەمریکیی جۆری (MQM-170)ـدا گرتووە.

ئەمە سێیەم جارە لە ماوەی پێنج رۆژدا سوپای پاسدارانی ئێران بە ئامانجگرتنی رادارە ئەمریکییەکان لە بەحرەین رادەگەیەنێت. رۆژی هەینی، 13ی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسداران بانگەشەی تێکشکاندنی رادارێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکای لە بەحرەین کرد وەک وەڵامێک بۆ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا لە 12ی تشرینی دووەم بۆ سەر تاوەرێکی پەیوەندییەکان لە سیریکی باشووری ئێران، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو بانگەشەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان دوو درۆنی ئێرانییان لەو ئاراستەیەدا خستووەتە خوارەوە بێ هیچ زیانێک.

 دواتر رۆژی یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند، بە شەش درۆن رادارێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکایان لە بنکەی هەلیکۆپتەری "ریفەع" لە باشووری مەنامە کردووەتە ئامانج، هاوکات هێزی بەرگریی بەحرەین رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان چەندین هێرشی ئاسمانیی ئێرانییان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکشکاندووە و رۆژی 16ی تشرینی دووەمیش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەحرەین داوای ئاگاداریی زیاتری لە هاووڵاتییانی کرد.

بەحرەین میوانداریی بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا دەکات. لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026، بەحرەین چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان، هاوکات بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیاکانی ئەمریکا لە 15ی تشرینی دووەمی 2026، دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا مەزەندەیان کردووە ئێران دوای زیاتر لە هەشت مانگ شەڕ هێشتا لە نێوان 1,500 بۆ 2,500 مووشەکی بالیستیی ماوە.