لە کەنەدا زەنگۆڵەیەکی 120 ساڵەی کەنیسەیەک دزرا
پۆلیسی کەنەدا رایگەیاند، چەند دزێک زەنگۆڵەیەکی مێژووییان لە کەنیسەیەکی پارێزگای مانیتۆبای کەنەدا دزیوە، کە تەمەنی 120 ساڵە و کێشەکەی لە 130 کیلۆگرام زیاترە.
ئەمرۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی کەنەدا دزرانی ئەو زەنگۆڵە تەمەن 120 ساڵەیان راگەیاندووە، هەروەها توێژەران سەبارەت بە رووداوەکە رایانگەیاندووە "تا ئێستا نازانرێت زەنگۆڵەکە چۆن و کەی لێکراوەتەوە."
خانمە ئەفسەرێکی پۆلیس بە دەستەی پەخشی کەنەدا (CBC)ی راگەیاندووە، زەنگۆڵەکە لە مسی زەرد دروستکراوە و بە نەخش و نیگاری هونەری رازێندراوەتەوە. گوتیشی: پێدەچێت دزەکان لەبەر دیزاینە هونەرییەکەی نا، بەڵکو بەهۆی ئەو کانزایەی لێی دروستکراوە، چاویان بڕیبێتە زەنگۆڵەکە.
بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی پەخشی کەنەدا، پۆلیس پێی وایە لەوانەیە کەسێک هەوڵبدات زەنگۆڵەکە وەک کانزای کۆن بفرۆشێتەوە.
ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی کەنەدا ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە پێشوەختە پەیوەندیمان بە سەرجەم کۆمپانیاکانی بازرگانی کڕینی کانزای کۆن و ریسایکلینی کانزاکان لە ناوچەکەدا کردووە، بەوانەی ناو شاری وینیپێگیشەوە و ئاگادارمان کردوونەتەوە کە بە تایبەتی وریای دەرکەوتنی ئەم زەنگۆڵەکە بن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مێژوویی مانیتۆبا، ئەو زەنگۆڵەیە لە ساڵی 1906 لە سویسراوە هاوردەی کەنەدا کراوە.
