خورماتوو.. ئاگر لە کۆگایەکی بەنزین کەوتەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە سنووری قەزای خورماتوو، کەسێک گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند: ئاگر لە نێو وێستگەیەکی سووتەمەنی لە ناوچەی "سەرحە" لەسەر رێگەی "ئامرلی" کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە و سووتاوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگریی بکەن لە تەشەنەسەندنی بۆ شوێن و دووکانەکانی دەوروبەری؛ هاوکات بریندارەکە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمی قوربانییەکەش رەوانەی پزیشکی داد کراوە.
لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سەڵاحەدین توانیویانە ئاگرێکی "گەورە" لە نێو وێستگەی سووتەمەنیی ئەهلیی "سەرحە" سەر بە قەزای خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە کۆنترۆڵ بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا روون کراوەتەوە، شەش تیمی ئاگرکوژێنەوە بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەرکەوتووە ئاگرەکە لە کۆگایەکی بەنزین بە قەبارەی 55,000 لیتر کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکان توانیویانە گەمارۆی ئاگرەکە بدەن و بە تەواوی بیکوژێننەوە، بێ ئەوەی بگاتە کۆگا و شوێنە هەستیارەکانی دیکەی نزیک وێستگەکە.
بەرگریی شارستانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پاسەوانی وێستگەکە و برینداربوونی شۆفێری تانکەرێک، هەروەها لێکۆڵینەوەی فەرمی دەستی پێ کردووە و پسپۆڕی بەڵگەکانی تاوان بانگهێشت کراوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە.