حەیدەر عەبوودی: گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی بودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027یان تەواو کردووە و ئاماژەی بەوەش دا، بودجەکە نوێکاریی ئەرێنی لە میکانیزمەکانی ئامادەکردن و سەرچاوەی نوێی دابینکردنی دارایی لەخۆ دەگرێت.

حەیدەر عەبوودی، ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند "رەشنووسی بودجەکە داهات و خەرجییەکان و کورتهێنانی چاوەڕوانکراوی دیاری کردووە و بۆ یەکەمجاریش ڕێژەیەک لە بودجەی بەرنامە و ئەدای تێدا جێگیر کراوە، کە پێشتر شتی وا نەبووە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رەشنووسەکە چەند پاڵپشتییەکی دارایی گرنگی تێدایە، لەوانە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و سندووقی نەوەکان.

بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەم زیادکردنانە دەتوانن قەرەبووی هەر شڵەژانێکی چاوەڕواننەکراو بکەنەوە کە رووبەڕووی ئابووریی عێراق ببێتەوە، کە بە رێژەیەکی زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ئاشکراشی کرد، لە بودجەی داهاتوودا بۆ یەکەمجار رێژەی داهاتی نانەوتی بەرز دەبێتەوە بۆ لانیکەم 19%، کە بەرزترین رێژەیە لە مێژووی عێراقدا، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2026 لە 11% تێپەڕی نەدەکرد.

عەبوودی هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەی گەڕاندەوە بۆ رێکارەکانی وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پەرەپێدانی ئەدای دیجیتاڵی، پشتبەستن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنوورییەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی کۆکردنەوەی باج.

سەبارەت بە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، گوتەبێژەکەی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەم دۆسیەیە پەیوەندیی بەو گفتوگۆ سیاسییانەشەوە هەیە کە لە ساڵی 2003ـەوە بە شێوەیەکی باو یاوەری ئامادەکردنی بودجە دەکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە.

حەیدەر عەبوودی ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی رادەستکردنی داهاتی نەوت بەردەوامن و رایگەیاند "بودجەکە بڕی لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا دیاری کردووە، لە کاتێکدا هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانی لەو بڕە کەمترە."

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لەگەل هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

حەیدەر عەبوودی گوتیشی "حکوومەت بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە بەسەر داهاتی گەلی عێراقەوە، بەتایبەت نەوت و گاز، بەو پێیەی بەگوێرەی دەستوور موڵکی هەموو عێراقییەکانن و هەر بۆیە دەبێت داهاتی ئەم سامانە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی." ئاماژەی بەوەش دا، ئەم گفتوگۆیە گرێکوێرەی سەرەکییە کە رێگرە لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکان.