حکوومەتی عێراق: رەشنووسی بودجە ئامادەیە
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان، ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی 2027ـیان بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی تەواوکردووە. عەبوودی روونیکردەوە، بودجەکە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە میکانیزمەکانی ئامادەکردن و هۆکارە داراییە نوێیەکان لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند "رەشنووسی بودجە، داهات و خەرجی و کورتهێنانی چاوەڕوانکراوی دیاریکردووە و رێژەیەک لە بودجەی بەرنامە و ئەدا لەخۆدەگرێت، کە پێشینەی نەبووە". روونیکردەوە، بودجەکە هۆکاری دارایی گرنگ لەوانە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و سندووقی نەوەکانی لەخۆگرتووە.
عەبوودی روونیکردەوە، ئەو زیادکردنانە دەبنە هۆی قەرەبووکردنەوەی هەر شڵەژانێکی چاوەڕواننەکراو کە لەوانەیە رووبەڕووی ئابووریی عێراق ببێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە بە رێژەیەکی زۆر پشت بە داهاتە نەوتییەکان دەبەستێت. بودجەی داهاتوو بۆ یەکەمجار بەرزبوونەوەی رێژەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ لانیکەم 19%ـی بەخۆوە دەبینێت، کە بەرزترین رێژەیە لە مێژووی عێراقدا، پاش ئەوەی پێش 2026 لە 11% تێنەپەڕیبوو.
بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەو بەرزبوونەوەیە بەرهەمی رێوشوێنەکانی بنەبڕکردنی گەندەڵی، پەرەپێدانی ئەدای دیجیتاڵی، بەدیجیتاڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و بەهێزکردنی کۆکردنەوەی باجە.
سەبارەت بە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەکەش، حەیدەر عەبوودی روونیکردەوە، ئەم بابەتە پەیوەندی بەو گفتوگۆ سیاسییانەوە هەیە کە لە 2003ـەوە یاوەری ئامادەکردنی بودجەکانن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
عەبوودی ئاشکرایکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان بەردەوامە و بودجەکە بڕی لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دیاریکردووە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات بەرهەمهێنانەکەی لەوە کەمترە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق گوتیشی "حکوومەتی عێراق راپۆرتی لەبەردەستە کە پەیوەستن بە بەرهەمهێنانی نەوت بە ئاستێکی بەرزتر، بەڵام گفتوگۆ و تێگەیشتنەکان هێشتا بەردەوامن".
عەبوودی روونیکردەوە "حکوومەت بە پلەی یەکەم پارێزەری داهاتەکانی گەلی عێراقە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە نەوت و گازەوە هەیە، چونکە بەپێی دەستوور موڵکی هەموو عێراقییەکانن، بۆیە دەبێت داهاتی ئەو سامانە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی".