چین رووی لە نەوتی عێراق کردووە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بازرگانانی بازاڕی نەوتەوە، کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی نەوت لە چین کڕینی نەوتی خاوی عێراقییان لە رێگەی کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە و بە نرخێکی گونجاوتر زیادکرد. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی سەقامگیریی هەناردەکردنی نەوت لە کەنداو و باشتربوونی ئاستی دابینکردن.

بازرگانان ئاشکرایانکرد، کۆمپانیای ئەدنۆک بڕێک لە نەوتی خاوی مامناوەند و قورسی بەسرەی بە پاڵاوگەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمی شاندۆنگ لە رۆژهەڵاتی چین فرۆشت. بڕیارە نەوتەکە لە کۆتایی کانوونی یەکەم بگات و نرخەکەشی نزیکەی 6 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک لەسەرووی نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بۆرسەی ئینتەرکۆنتیننتال بۆ مانگی ئازار بێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار روونیکردەوە، نرخی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئاستی یەک ژمارەیی دابەزی، ئەوەش دوای ئەوە هات کۆمپانیا بازرگانییەکان نرخی پێشنیازکراوی خۆیانیان کەمکردەوە، بەهۆی سەقامگیریی هەناردەکردنی نەوت و باشتربوونی ئاستی دابینکردن.

لەلایەکی دیکەوە و لە گرێبەستێکی نوێدا، کۆمپانیای توتسا 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی قورسی بەسرەی بە پاڵاوگەیەکی سەربەخۆی چینی فرۆشت بە مەبەستی گەیاندنی لە کانوونی دووەمدا، کە نرخەکەی لە نێوان 7 بۆ 8 دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ هەر بەرمیلێک لەسەرووی نرخی برێنت لە بۆرسەی ئینتەرکۆنتیننتال.

ئەم گەشەسەندنەی کڕینی نەوتی عێراق لەلایەن پاڵاوگەکانی چینەوە، هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینێکی بەرچاوی نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی برێنت دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا و دابەزینی تێچووی گواستنەوە، ئەمەش پاڵاوگە سەربەخۆکانی هاندا تا پشکی ماوەی هاوردەکردنی نەوتی خاویان پێش کۆتایی ساڵ بەکاربهێنن.

گرێبەستەکانی دیکەش بریتی بوون لە فرۆشتنی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی زاکومی سەرەوەی ئیماراتی لەلایەن کۆمپانیای مێرکۆریاوە بە پاڵاوگەیەکی سەربەخۆی چینی بۆ گەیاندن لە نیوەی دووەمی کانوونی دووەم، بە نرخی نزیکەی 8 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک لەسەرووی نرخی برێنت بۆ مانگی ئازار.

هەروەها کۆمپانیای ڤیتۆل ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی شاهینی قەتەری بە پاڵاوگەیەکی دیکە لە هەرێمی شاندۆنگ فرۆشت، بە نرخی نزیکەی 9 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک لەسەرووی نرخی برێنت بۆ مانگی شوبات.