گەشتیارییەکانی کابینەی نۆیەم؛ کوردستان دەبێتە ناوەندێکی گەشتیاریی مۆدێرن

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەرتی گەشتوگوزاری کردووەتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری و لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، بە گوژمەی نزیکەی هەشت ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەو کەرتەدا کردووە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کابینەی نۆیەمدا سەرمایەی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا بە رێژەی 44% لە پلەی یەکەمی سەرجەم کەرتەکاندا دێت. لەم چوارچێوەیەدا، مۆڵەت بە 118 پڕۆژەی گەشتیاری دراوە کە کۆی گشتیی سەرمایەی وەبەرهێنانیان دەگاتە 7,913,550,188 دۆلار، هاوکات حکوومەت خۆی بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی 118 پڕۆژەی گەشتیاری بە گوژمەی 48,742,327,115 دینار داوە. 

دیارترین پڕۆژە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیەن:

1. پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەولێر و سۆران

پڕۆژەی ستراتیژیی رێڕەوی ژیان"کۆڕنیشی هەولێر": پڕۆژەیەکی گەورەی ژینگەیی و گەشتیارییە لەناو شاری هەولێر، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو و گۆڕینی سیمای شارەکە بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری و سەوزایی جێبەجێ کراوە.

پشتێنەی سەوزایی هەولێر: بە پانی دوو کیلۆمەتر لە دەرەوەی شەقامی 150 مەتری بە هەشت قۆناخ جێبەجێ دەکرێت (قۆناخی یەکەم تەواو بووە و قۆناغی دووەم لە جێبەجێکردندایە)؛ تێیدا 7.7 ملیۆن نەمام دەچێندرێن و 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو دروست دەکرێن، کە سیمایەکی گەشتیاری و ژینگەیی ناوازە دەداتە پایتەخت. 

نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و بازاڕی قەیسەری: چەندین هەنگاوی گرنگ بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و راکێشانی گەشتیاری کولتووری لە ناوجەرگەی هەولێر نراون.

پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران: لە رێگەی دروستکردنی رێگەوبان، کۆمەڵگەی گەشتیاری و بەستنەوەی سەیرانگاکانی وەک بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ و چیای کۆڕەک، ژێرخانی گەشتیاریی دەڤەرەکە بووژێنراوەتەوە.

2. پڕۆژە گەشتیارییەکانی دهۆک و زاخۆ

پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ: یەکێکە لە پڕۆژە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی کابینەی نۆیەم لەسەر رووباری خابوور بە گوژمەی نزیکەی 24 ملیار دینار، کە قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و قۆناغی دووەمی لە جێبەجێکردندایە؛ پڕۆژەکە رووبەرێکی فراوانی سەوزایی، شوێنی پیاسەکردن، چێشتخانە و بەلەمی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت. 

پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوا (دهۆک): یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەرزییەکەی 500 مەتر و درێژییەکەی زیاتر لە 3,300 مەترە و بە تێچووی 30 ملیۆن دۆلار لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە کرایەوە.

پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی زاخۆ: پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانی گەشتیارییە بۆ گۆڕینی ناوچە شاخاوییەکەی زاخۆ بۆ شارێکی گەشتیاریی مۆدێرن.

نۆژەنکردنەوەی پردی دەلال و قشڵەی زاخۆ: کارکردن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنە مێژووییەکانی زاخۆ و بەستنەوەیان بە کۆڕنیشەوە وەک ناوەندێکی گەشتیاریی یەکگرتوو.

3. پڕۆژە گەشتیارییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە

پەرەپێدانی سەیرانگای دوکان و ئەحمەدئاوا: مۆڵەتدان و جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی کەرتی تایبەت و گشتی وەک هۆتێل، گوندی گەشتیاری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە ناوچەکانی دوکان، قەرەداغ و هەڵەبجە.

پڕۆژەکانی ژێرخان و رێگەوبانی گەشتیاری: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان رێگەی سەرەکی و لاوەکی کە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی، راپەڕین و گەرمیان بە ناوەندی شارەکانەوە دەبەستنەوە.

4. گەشتیاریی شوێنەواری
لە پاڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆری بە گەشتیاریی شوێنەواری داوە و بڕیار لەسەر 13 پڕۆژەی شوێنەوار بە گوژمەی 653,643,900 دینار دراوە، ئەمە جگە لە جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی کنە و پشکنین لەلایەن زانکۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە