تەندروستیی زاخۆ: بنکە تەندروستییەکان بەهێز دەکەین بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نەخۆشخانەکان
ئەحمەد نەجار، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 راگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە زاخۆ بۆ بەڕێوەبردنی یەکێک لە گەورەترین کۆنفێرانسەکانی تەندروستی لە سەرانسەری کوردستان هەڵبژێردرا، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە بەرچاوەی لە بوارەکانی گەشتیاری و تەندروستیدا بەخۆوە بینیویەتی.
ئەحمەد نەجار ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە سەرنج بخرێتە سەر بنکە تەندروستییەکان و چۆنیەتیی ئەکتیڤکردن و بەرەوپێشبردنیان، بە جۆرێک بتوانرێت بە زووترین کات نەخۆشییەکانی وەکو شەکرە، پەستانی خوێن و دڵ دەستنیشان بکرێن و چارەسەر کرێن، پێش ئەوەی نەخۆشەکە تووشی ئاڵۆزی و دۆخێکی گەورە ببێت کە پێویستی بە نەخۆشخانەی گەورە هەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ جەختی لەوەش کردەوە، مەرامی کۆنفێرانسەکە ئەوەیە چۆن یارمەتیی نەخۆش بدرێت بۆ ئەوەی دۆخەکەی نەگاتە ئەو رادەیەی پێویستی بە نەخۆشخانەی گەورە هەبێت و لە بنکەی تەندروستیدا چارەسەری خۆی وەربگرێت، هەروەها پەرە بەوە بدرێت کە چۆن بە یەکسانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی گوندەکانیش دابین بکرێن.
سەبارەت بە ئامادەبوونی میوانان، ئەحمەد نەجار ئەوەی خستە روو کە وەزیری تەندروستی، پزیشکانی پسپۆڕ، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، هەروەها نوێنەری عێراق (کە ئەگەری هەیە وەزیری تەندروستیی عێراق خۆی یان نوێنەری ئامادە بێت) بەشداریی لە کۆنفێرانسەکەدا دەکەن.
بڕیارە لە رۆژانی 19 بۆ 21ی ئەم مانگە (تشرینی دووەمی 2026)، لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوە بچێت و کەناڵی کوردستان24یش سپۆنسەری میدیایی ئەم لووتکەیەیە.
ئەم لووتکەیە بە گەورەترین کۆڕبەندی تەندروستی دادەنرێت کە ساڵانە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەم ساڵیش شاری زاخۆ میوانداریی بەڕێوەچوونی دەکات.
دروشمی ئەم گەڕەی لووتکەکە بریتی دەبێت لە: "بەڕێوەبردنا دروست یا کەرتێ تەندروستی ژ بۆ کوالیتی، خزمەتگوزاریا گشتگیر و پێشەنگایەتیێ".