کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستانە

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی دژ هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی دەربڕی و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستانە و قەوارەیەکی دەستوورییە، داواش لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و سازان.

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پەمامێکی نیشتمانیانەی گەیاندووەتە خانەوادەی شەهیدان، خەڵکی کوردستان و کوردستانییانی دیاسپۆرا و تیایدا رایگەیاندووە "کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە دڵسۆزی و نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئەو ئاڵۆزییە سیاسییانە دەکات کە بوونەتە مایەی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییانی ناوخۆ و رەوەندی کوردستانی لە سەرانسەری جیهاندا، بە تایبەتی ئەو دەنگۆ و مەترسییانەی باس لە ئەگەری دابەشبوون و لەتکردنی هەرێم و دروستکردنی دوو هەرێمی جیاواز دەکەن".

هەروەها جەخت دەکاتەوە "هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی کوردستانە و سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، ماڵی هاوبەشی هەمووانە، بێگومان لەم قۆناخە هەستیارەدا، یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانی تاکە قەڵغانی پاراستنی ئەم دەستکەوتە مێژووییەیە و هەر جۆرە دابەشبوونێک، پێگە و هیوای کوردستان لاواز دەکات و سەرجەم دڵسۆزان و دۆستانی گەلەکەمان نیگەران دەکات".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی رایگەیاندووە "بە گیانێکی برایانە و بەرپرسیارانەوە داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتیی کوردستان دەکەین بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و ئاسوودەیی هاووڵاتییان بخەنە سەرووی هەموو ناکۆکییەکانەوە"، هاوکات داوا لە هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات " بە دڵێکی فراوان و زمانی لێکتێگەیشتن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و سازان، بۆ ئەوەی پێکەوە قەوارەی دەستووری و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان بپارێزن و دڵنیایی و سەقامگیری بە گەلەکەمان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ببەخشن".