هەولێر.. لەسەر داواکاریی فەرمانبەران و قوتابییان خشتەی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان گۆڕدرا

لەسەر داواکاریی فەرمانبەران و قوتابییان، گۆڕانکاری لە خشتەی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کرا و لەمەودوا بەیانیان لە کاتژمێر 6:30ـەوە تاوەکو 8:30 کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە.

هەروەها گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر داواکاریی فەرمانبەران و قوتابیان بڕیار دراوە بە گۆڕینی خشتەی کارکردنی بەیانیانی مۆلیدەکان کە لە خشتەی پێشووتردا دیاری کرابوو بەپێی خشتە نوێیەکە، کارکردنی مۆلیدەکان بەم شێوەیە دەبێت:

 - بەیانیان: لە کاتژمێر 6:30 تاوەکو 8:30ـی بەیانی.

 - دوانیوەڕۆ و ئێواران: لە کاتژمێر 1:00ـی دوانیوەڕۆ تاوەکو 1:00ـی شەو.

دەربارەی پرسی کۆکردنەوەی پارەی مۆلیدەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، ئەو مۆلیدانەی قەرزی هاووڵاتییانیان لەسەر نەماوە و کاتژمێری کارکردنیان تەواو بووە، بەردەوام دەبن لە پێدانی کارەبا تاوەکو رێکەوتی 30ـی تشرینی دووەمی 2026؛ لەو وادەیەدا کاتژمێری مۆلیدەکانیان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە وەردەگیرێت، نرخیان بۆ دیاری دەکرێت و دواتر پارە کۆدەکەنەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەو مۆلیدانەی تاوەکو ئێستا بەشێکی ماڵەکان پارەیان داوە و بەشێکیان ماوە تەواو نەکراوە، ئەوا پارەی خۆیان کۆدەکەنەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی 165 کاتژمێر کارکردن، دەبێت چاوەڕوانی سەری مانگ بکەن و بەپێی ئەوەی چەند کاتژمێر کاریان کردووە، ئەو کاتە پارەکە وەردەگرن.