ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نۆژەنکردنەوەی بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا پەسەند دەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کە لە پارێزگای نەجەف بەڕێوە چوو، زنجیرەیەک بڕیاری گرنگ و ستراتیجیی پەسەند کرد؛ لەوانە بەهێزکردنی تواناکانی دەزگای دژەتیرۆر بە سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، نۆژەنکردنەوەی بۆڕیی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا و جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری.
سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی لە شاری نەجەف بەڕێوە چوو، تێیدا رەوشی گشتیی وڵات و دۆسیە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە رێگەی دابینکردنی سیستەمی پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)؛ پەسەندکردنی پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی بۆڕیی هەناردەکردنی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا. نوێکردنەوەی گرێبەستی پرۆژەی وەبەرهێنانی گازی خێرای کێڵگەی ناسریە بۆ ماوەی دوو ساڵ، پاش کەمکردنەوەی تێچووی بەکرێگرتن بە رێژەی 25.5% لە تێچووی گشتیی گرێبەستەکە دا.