لە سنە رۆژانە 390 تۆن خۆڵ و خاشاک ژێرخاک دەکرێت

خۆڵ و خاشاک هەڕەشە لە ژینگە پارێزگای سنە دەکات

پێنج ساڵە کارگەی ریسایکلینی شارەوانی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان پەکی کەوتووە و رۆژانەش لە ناوەندی شارەکە و 45 گوندی دەوروبەری، 380 تاوەکوو 390 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە و بە ناچاری تەواوی خاشاکەکە ژێرخاک دەکرێت، ئەمەش بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و کوشندە لەسەر ژینگەی پارێزگای سنە.

چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، شەهاب محەمەدی، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی سنە بە ئاژانسی ئێرنای رایگەیاندووە، لە کۆی ئەو 390 تۆن خۆڵ و خاشاکانەی رۆژانە لە سنووری پارێزگای سنە کۆ دەکرێنەوە، 69%ی خاشاکەکەی تەڕە و 31%ی وشک، بەڵام 13%ی کۆی پاشماوەکە شیاوی ریسایکلینە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارگەی ریسایکلینی شارەوانی سنە پێنج ساڵە لە کار کەوتووە، ناچارن 100% خاشاکی کۆ کراوە ژێرخاک بکەن.

هەروەها رایگەیاندووە، لە شوێنی ژێرخاککردنی خۆڵ و خاشاکدا تەنیا بەشێک لە ئاوی پیسی خۆڵ و خاشاک کۆنترۆڵکراوە، بەڵام پرۆسەکە هێشتا پێویستی بە چەند هەنگاوێک هەیە، لەوانە دروستکردنی پەرژین و پشتێنەی سەوزایی، کۆنترۆڵکردنی سەگە بێلانەکان، داپۆشینی خاشاکەکان بە تەواوەتی. چونکە بەشێکی پاشماوەی مەترسیداری کیمیایین، وەک دەرمانە ماوەبەسەرچووەکان و پاشماوەی پترۆکیمیایی و وێستگەی کارەبان.

شەهاب محەمەدی، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی سنە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی خۆڵ و خاشاک و دامەزراندنەوەی کارگەکانی ریسایکلین ئەم داواکاریانەی خستووەتە بەردەم حکوومەتی ئێران:

- تەرخانکردنی بودجەی پێویست و دامەزراندنی کارگەیەکی سەردەمیانەی ریسایکلین.

- نۆژەنکردنەوەی کارگە کۆنەکەی کۆمپۆست و دامەزراندنی هێڵێکی نوێی ریسایکلین لە شوێنی ژێرخاککردنی خۆڵ و خاشاک.

- دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی جیاکردنەوەی خاشاک بە شێوەیەکی رێکخراو.

- مەرجدارکردنی مۆڵەتی بیناسازی بە دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆ جیاکردنەوە و فڕێدانی پاشماوەکانی بیناسازی.

- هەڵمەتی هۆشیاری و روونکردنەوەی رێکارەکانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.