کارەکانی سەنتەری چارەسەری ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان 63%ـی تەواو بووە

لە هەرێمی کوردستان لە نۆ مانگدا زیاتر لە هەزار و 200 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ کارەکانی گەورەترین سەنتەری چارەسەریش 63%ـی تەواو بووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەزار و 223 تۆمەتبار بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و دەست بەسەر سەدان کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە. هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بۆ چارەسەرکردن و گەڕاندنەوەی ئالوودەبووان بۆ ناو کۆمەڵگە خێراتر کردووە و کارەکانی گەورەترین سەنتەری شیاندنەوە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ کە بۆ سێیەم جارە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێت و ئێستا لە زینداندایە، لە ڕێگەی هاوڕێیەکی نزیکییەوە تێوەگلاوە. ئەو باس لەوە دەکات بەر لە بەکارهێنانی ئەو ماددانە ژیانێکی ئارام و بێ کێشەی هەبووە، بەڵام ئالوودەبوون هەموو شتێکی لێ سەندووەتەوە.

ئەو گەنجە بە پەشیمانییەوە دەڵێت: "ماددەی هۆشبەر یەکسەر ناتکوژێت، بەڵکو هێدی هێدی دەتکوژێت و لەناوت دەبات؛ ژیان و کەسوکار و ناوبانگ لەدەست دەدەیت و ناتوانیت هیچ کارێک بکەیت." هەروەها داوا دەکات سەنتەری چارەسەری تایبەت هەبێت بۆ ئەوەی لەو بەڵایە ڕزگاریان بێت و ئامۆژگاریی گەنجانیش دەکات کە بە هیچ شێوەیەک نزیکی ماددەی هۆشبەر نەکەونەوە.

بەپێی ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا:

 - دەستگیرکردن: 1223 تۆمەتبار دەستگیر کراون (739 کەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەر  بوون و 484 کەسیشیان بەکارهێنەر و ئالوودەبوو بوون).

 - دەستبەسەرداگرتن: 343 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 2615 شیت حەبی هۆشبەر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە.

 - لەناوبردن: زیاتر لە 700 کیلۆگرام لەو ماددە هۆشبەرانەی ساڵانی رابردوو دەستیان بەسەردا گیرابوو و لە دادگا کەیسەکانیان یەکلایی ببووەوە، ئەمساڵ سووتێنراون و  لەناو براون.

لەم بارەیەوە، ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "بە شێوەیەکی ستراتیژی و بە هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و دەزگای ئاسایشی هەرێم، چەندین چالاکیی هاوبەشمان ئەنجام داوە و توانیمانە چەندین بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی وڵات بهێنینەوە."

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە توانیویانە کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بکەن و ڕێگری لەوە بکەن خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی ترانزێت، هەروەها ستراتیژییەتی وشککردنی سەرچاوەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەر دەرەنجامی زۆر باشی هەبووە.

جگە لە رێکارە ئەمنییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی یەکەی راوێژکاریی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان سەر بە وەزارەتی تەندروستی، دەرگای چارەسەری بۆ ئالوودەبووان کردووەتەوە. هەر کەسێک تووشبووی ماددەی هۆشبەر بێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی نهێنی، بێ ترس و بێ بەرامبەر، چارەسەری پزیشکی و دەروونی وەربگرێت. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 65 ئالوودەبوو (بەشێکیان بە خواستی خۆیان و بەشێکی دیکەیان لە زیندانەوە) سەردانی ئەم یەکەیەیان کردووە و چارەسەریان بۆ کراوە.

یەکێک لەو گەنجانەی کە ماوەی 6 بۆ 7 مانگ بەکارهێنەر بووە و دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشەوە بۆ ئەو یەکەیە گواستراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات کە ماوەی سێ مانگ و نیوە چارەسەر وەردەگرێت و دەڵێت: "لێرە مامەڵەی پزیشک و کارمەندان وەک خێزان وایە لەگەڵماندا. بەهۆی ئەو ماددەیەوە نزیکەی دوو دەفتەر دۆلارم لەدەست دا و زیانم بە خێزانەکەم گەیاند، بەڵام ئێستا بە یەکجاری وازم لێ هێناوە و هەرگیز ناگەڕێمەوە سەری."

لە درێژەی هەوڵە جدییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، پرۆژەی دروستکردنی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر لە 26ـی تشرینی دووەمی 2024 بەردی بناغەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دانرا) بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت و ئێستا63%ـی کارەکانی تەواو بووە.

تایبەتمەندییەکانی سەنتەرەکە:

 - لەسەر ڕووبەری 13 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت و باڵەخانەکەی 6 هەزار و 500 مەتر دووجایە.

 - نزیکەی 100 ژوور لەخۆدەگرێت، کە 33 ژووریان تایبەتە بە مانەوەی نەخۆش.

 - لەگەڵ تەواوبوونیدا، توانای لەخۆگرتن و چارەسەرکردنی 100 ئالوودەبووی دەبێت لە  یەک کاتدا.

ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی ئەم سەنتەرە گەورەیە، تەنیا چارەسەرکردنی پزیشکیی ئالوودەبووان نییە، بەڵکو شیاندنەوە و گەڕاندنەوەیانە وەک  تاکێکی تەندروست بۆ ناو کۆمەڵگە