دامەزرێنەری تێلێگرام پەیامێک ئاڕاستەی عێراقییەکان دەکات
دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام، ئاشکرای کرد، عێراق بۆ جاری دووەمە لە ئەمساڵدا ئەپڵیکەیشنەکەی قەدەغە کردووە؛ هاوکات رەتی کردەوە هیچ چاودێرییەک بەسەر ئازادیی ڕادەربڕینی سیاسیدا بسەپێنن.
چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: زۆر بە داخم بۆ گەلی عێراق، کە ئەپڵیکەیشەنەکە بۆ جارەی دووەمە لەمساڵدا رادەگیرێت.
هاوکات دووپاتی کردەوە، کە ئەوان بە هیچ جۆرێک چاودێری ناسەپێنینە سەر ئازادیی رادەربڕینی سیاسی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە پێدراوەکانی فەرمانی یاسادانانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004، هەموارکراو بە فەرمانی ژمارە 100، بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی لە عێراق دا.
دەستەکە روونی کردبووەوە، کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام رێکاری پێویستی بۆ چارەکردنی ناوەڕۆکە نایاساییەکانی سەر پلاتفۆرمەکە نەگرتووەتە بەر و پابەندی یاساکانی عێراق نەبووە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەم رێکاری رێکخستنەی بەرانبەر بگیرێتەبەر و ماوەی 30 رۆژی پێ بدرێت تا دۆخی یاسایی خۆی رێک بخاتەوە.
ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام
ئەم ئەپڵیکەیشنە لە ساڵی 2013، لە لایەن پاڤێل دورۆڤ و نیکۆلای دورۆڤی برای دامەزرا.
پاڤێل دورۆڤ پێشتر دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی بەناوبانگی رووسی (VK) بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکانی حکوومەتی رووسیا بۆ پێدانی زانیاریی خۆپیشاندەرانی ئۆکرانیا، وڵاتەکەی جێهێشت و بنکەی سەرەکیی تێلیگرامی گواستەوە بۆ شاری دوبەی لە ئیمارات.
تێلیگرام بە خێرایی گەشەی کرد و ژمارەی بەکارهێنەرانی مانگانەی یەک ملیار کەسی تێپەڕاندووە و رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە. ئەم ئەپڵیکەیشنە بەهۆی چەند تایبەتمەندییەکەوە لە رکابەرەکانی (وەک واتسئەپ) جیا دەکرێتەوە، لەوانە:
کەناڵ و گرووپی گەورە: توانای دروستکردنی گرووپی تا 200 هەزار ئەندام و کەناڵی بێسنوور بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری.
ناردنی فایلی قەبارە گەورە: رێگە بە ناردنی هەموو جۆرە فایلێک دەدات بە قەبارەی تا 2 گێگابایت و( بۆ بەشداربووانی پریمیەم تا 4 گێگابایت).
پاراستنی نهێنی (Privacy): دابینکردنی تایبەتمەندیی "چاتی نهێنی" (Secret Chat) کە نامەکان بە شێوەی کۆدکراو دەنێرێت و دوای ماوەیەکی دیاریکراو خۆکارانە دەسڕێنەوە.
سەرەڕای ئەوەی تێلیگرام وەک ئەپڵیکەشنێک بۆ ئازادیی رادەربڕین و پاراستنی نهێنیی بەکارهێنەران دەناسرێت، بەڵام بەردەوام لە لایەن حکوومەتەکانی جیهانەوە رووبەڕووی رەخنە و فشار بووەتەوە.
تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ کە بەهۆی کەمیی چاودێرییەوە بووەتە پەناگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی، هەواڵی چەواشەکارانە، دزەپێکردنی داتای کەسی و چالاکیی گرووپە چەکدار و توندڕەوەکان. هەر بەم هۆکارانەش چەندین وڵات ناوبەناو بڕیاری قەدەخەکردن یان سنووردارکردنی تێلێگرامیان داوە.