پەیامنێری کوردستان24: پێدەچێت رێککەوتن لەبارەی جورف سەخرەوە هەبێت

سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو وادەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکردبوو، تاوەکو ئێستا ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی جورف سەخر دەستیپێنەکردووە و نێردراوی کوردستان24ـیش ئاماژە بەوە دەکات، پێدەچێت رێککەوتنێک بۆ دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەئارادابێت.

ئەمڕۆ هەینی (20ـی تشرینی دووەمی 2026)، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 لە نزیک ناوچەی جورف سەخر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی جورف سەخر دەستیپێنەکردووە، لە کاتێکدا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆی دیاریکردبوو بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان بچنە نێو ناوچەکە.

نێردراوی کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، دۆخی ناوچەی جورف سەخر ئارامە و هیچ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بەرەو ناوچەکە جووڵەی پێنەکراوە، تەنیا ژمارەیەکی کەمی ئۆتۆمبێلی سەربازی لە نزیک ناوچەکە دەبینرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دوێنێ شەوەوە تەواوی هێزە سەربازییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بە گوتەی دیلان بارزان، تاوەکو ئێستا هۆکاری دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە لەو وادەیەی بۆی دیاریکرابوو ئاشکرا نییە، بەڵام بەپێی ئەو دۆخەی لە نزیک ناوچەکە دەبینرێت، پێشبینی ناکرێت ئەمڕۆ هەموو هێزە سەربازییەکان بتوانن بچنە نێو جورف سەخرەوە، بەڵکو پێدەچێت رێککەوتنێک لەنێوانیاندا هەبێت بەوەی تەنیا چەند هێزێک بچنە نێو جورف سەخر و چەکدارەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا لەنێویدا بمێننەوە.

نێردراوی کوردستان24 گوتیشی: ئیسماعیل قائانی، سوپاسالاری ئێران لە رۆژی دووشەممەوە لە عێراقە و بەردەوام لەگەڵ سەرکردەکانی شیعە و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدایە، بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوان هێزەکاندا.