هەولێر؛ 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاریی ئاگرین لەناو بران

بە سەرپەرشتیی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و بە یاوەریی پۆلیسی شارەوانیی هەولێر، 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاریی ئاگرین لە شوێنێکی تایبەت و دوور لە ئاوەدانی لەناو بران.

پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچووندا بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتییان، بە سەرپەرشتیی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و بە یاوەریی پۆلیسی شارەوانیی هەولێر، 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاریی ئاگرین لە شوێنێکی تایبەت و دوور لە ئاوەدانی لەناو بران.

بە پێی راگەیەنراوی قایمقامییەتی قەزانی ناوەندیی هەولێر، ئەو کەلوپەل و ماددانە لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لە چەند شوێنێکی جیاوازی شاری هەولێردا دەستیان بەسەردا گیرابوو.

هاوکات قایمقامییەتەکە، جەختی لەوە کردەوە کە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە یارییە ئاگرینەکان و ڤەیپ بە شێوەی نایاسایی و بەبێ مۆڵەت، بە تەواوی قەدەخەیە؛ چونکە جگە لەوەی زیانی تەندروستییان هەیە، دەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و رووداوی نەخوازراویش دروست دەکەن.

قایمقامییەتی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، لیژنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی بەردەوام دەبن لە گەڕان و پشکنینەکانیان لە بازاڕ و کۆگاکاندا و، هەر کەس و لایەنێک سەرپێچیی رێنماییەکان بکات، رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.