پۆلیسی وزەی عێراق: پارێزگاری لە وزە و نەوتی جورف سەخر دەکەین

 شانەی ئەمنیی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن و وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی جورف سەخری راگەیاند، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش جەخت دەکاتەوە کە ئەمنییەت و ئاوەدانی دەگەڕێننەوە بۆ ناوچەکە و سبەیش رێگاکە بە تەواوی دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، شانەی ئەمنیی عێراق کە پێکهاتبوون لە پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، پۆلیسی وزە و هێزەکانی دیکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، گۆڕانکاری لە ناوچەکە و لە هێزەکاندا دەکرێت، ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی جورف سەخر دەگرنە ئەستۆ.

لە لای خۆیەوە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە و هێزە سەربازییەکانی عێراق پابەندیی خۆیان دەگرنە ئەستۆ.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوەی ئەمڕۆ هەیە گۆڕانکارییە لە کەرتەکاندا و بە شێوەیەکی ئاسایی گۆڕانکاری دەکرێت، جورف سەخر لەژێر چاودێریی ئێمەدا دەبێت و سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق پاڵپشتیی تەواومان دەکات."

سەباح نوعمان گوتیشی: "ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، ئەمنییەت و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنینەوە و قۆناغێکی نوێ و قۆناغی بووژانەوە دەستپێدەکات."

هاوکات پۆلیسی وزەی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن و ئەرکی پاراستنی تەواوی وزە و نەوتی عێراق و جورف سەخریان لە ئەستۆیە، هەروەها تەواوی هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان.

ئەوەش خرایەڕوو، کاتژمێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی نەوت و کانزاکان سەردانی ناوچەکەیان کردووە و سبەی شەممە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی بە تەواوی رێگاکە دەکرێتەوە و هەموو هاووڵاتییەکی ئاسایی دەتوانێت سەردانی ناوچەکە بکات.