پەیامنێری کوردستان24: هێزەکانی پۆلیس چوونە نێو جورف سەخر

 دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ و چەند کاتژمێرێک دواکەوتن لە وادەی دیاریکراوی بەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە دەروازەی جورف سەخرەوە چوونە نێو ناوچەکە و نێردراوی کوردستان24ـیش زانیاری لەبارەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و پشکنینی هێزەکان لە دەروازەکە دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 لە دەروازەی جورف سەخرەوە رایگەیاند، هێزێکی زۆری پۆلیسی فیدراڵی لە بەیانییەوە لەو شوێنە کۆکرابوونەوە و سەرەڕای ئەوەی بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواکەوت و دواتر ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی پۆلیسی فیدراڵی کە چەکی قورس و مامناوەندیشیان پێبوو، بە شێوەیەکی بەردەوام چوونە نێو جورف سەخرەوە.

نێردراوی کوردستان24 لەبارەی رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەروازەی جورف سەخر ئاشکرای کرد، تەواوی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەر لە چوونە ژوورەوەیان لە بازگەی دەروازەکە رادەگیرێن، دەپشکنرێن و لێپرسینەوە لە ناسنامەکانیان دەکرێت، هەروەها داوا لە شۆفێر و سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێت کە جامیان بەرز کردووەتەوە، جامەکانیان دابگرن و دواتر رێگەیان پێدەدرێت بچنە ژوورەوە.

بە گوتەی دیلان بارزان، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو هێزانە لە چ شوێنێکی جورف سەخر جێگیر دەکرێن و ئایا تەنیا گەڕانێک بە نێو ناحیەکەدا دەکەن و دەردەچن، یان دواتر رێگەیان پێدەدرێت لە ناوچەکەدا بمێننەوە.

لەبارەی رووماڵی میدیاکانیش، نێردراوی کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، جگە لە میدیای فەرمیی عێراق کە لەگەڵ هێزەکاندا رۆیشتووەتە ژوورەوە، تا ئێستا رێگە بە هیچ کەناڵێکی دیکە نەدراوە بچێتە نێو جورفولسەخر.

دیلان بارزان گوتیشی، دوێنێ تیمی کوردستان24 توانیویەتی لەو بازگەیەوە دەرباز ببێت و دیمەنی زیندووی نێو جورف سەخر بۆ بینەران بگوازێتەوە، کە وەک خۆی ئاماژەی پێدا، ناوچەکە وێرانەیە و زیاتر کراوە بە سەربازگە و لە شوێنێکی ئەمنی دەچێت.

هەروەها باسی لەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆری هەمەری سەربازی چوونە نێو جورف سەخر و قۆناخێک بە قۆناخ دەچن و چوونە ژوورەوەیان بە رێککەوتن بووە و هێشتا ژمارەیەکی زۆری ئۆتومبێلی سەربازی ماون.

هاوکات کاروانێکی زۆر ئۆتومبێلی پۆلیسی فیدراڵی و ئەمبۆلانسی فریاکەوتنیان لەگەڵە، بەشێک لەو ئۆتومبێلانە چەکی قورسیشیان لەگەڵە.