شرۆڤەکاران: ئۆپەراسیۆنی جورف سەخر بڕیارێکی عێراقییە و ئامانجی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە
حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەرۆکی سەنتەری نارام سین بۆ دیالۆگ و مەناف موسەوی، سەرۆکی سەنتەری بەغدا، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆسیەی جورف سەخر لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومی و پرۆسەی چاکسازی و کۆکردنەوەی چەکدایە بە دەستی دەوڵەتەوە و هیچ ئەگەرێکی شەڕی ناوخۆیی لەئارادا نییە.
لە لێدوانی جیاوازدا بۆ کوردستان24، هەریەکە لە حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسی و مەناف موسەوی، سەرۆکی سەنتەری بەغدا، وردەکاری و رەهەندەکانی دۆسیەی جورف سەخر و جووڵەی هێزە ئەمنییەکان بەرەو ئەو ناوچەیە دەخەنە روو.
بڕیاری عێراقی و بەرنامەی حکوومی
حەیدەر بەرزنجی رەتیدەکاتەوە هیچ فشارێکی راستەوخۆی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی جورف سەخر هەبێت و دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە تەواو عێراقییە و دوای راپۆرتی دەزگا ئەمنییەکان دێت سەبارەت بە تێپەڕاندنی نەوت و بوونی هەندێک سەرپێچی لە ناوچەکەدا." ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندایە بۆ نەهێشتنی فرەهێزی و کۆکردنەوەی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە.
لە هەمان کاتدا، مەناف موسەوی، سەرۆکی سەنتەری بەغدا، پێیوایە پرسی جورف سەخر بە شێوەیەکی روون بەستراوەتەوە بەو بەرنامە حکوومییەی عەلی زەیدی، خستوویەتیە روو و لە خاڵە سەرەکییەکانیدا جەخت لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت دەکاتەوە، کە یەکێک لە دیارترین ئەولەوییەتەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ناوچەکانە لەلایەن دەوڵەتەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیان بە شێوەیەکی روون. سەبارەت بە بوونی گوشارەکانیش، موسەوی ئاماژە بەوە دەکات کە زانیاری وردی لەبەردەستدا نییە بۆ قسەکردن لەبارەی ئەوەی ئایا گوشار هەیە یان نا، بەڵام لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکە بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و دەچێتە چوارچێوەی پرسە سەرەکییەکانی بەرنامەی حکوومییەوە.
ئەگەری شەڕی ناوخۆیی و هێورکردنەوەی دۆخەکە
سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی پێکدادان و شەڕی ناوخۆیی لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزە فیدراڵییەکان، حەیدەر بەرزنجی دڵنیایی دەدات کە هیچ شەڕێک روونادات و دەڵێت: "هیچ هێزێک لە هێزی دەوڵەت بەهێزتر نییە و نە مەرجەعیەت و نە لایەنەکانیش شەڕ قبووڵ ناکەن." روونیشیدەکاتەوە کە تەنانەت کەتائیبی حزبوڵڵاش بە روونی رایانگەیاندووە کە شەڕ دروست ناکەن و پرۆسەکە تەنیا ئاڵوگۆڕی هێزە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
مەناف موسەویش لەم رووەوە پێیوایە کەسانی عاقڵمەند ئەمڕۆ هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەیان داوە و کارەکان بە شێوەیەکی روون بەڕێوەدەچن و بەرەو سەقامگیری دەڕۆن.
چارەنووسی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان
حەیدەر بەرزنجی ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی عێراق پلان و بەرنامەی تایبەتی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی جورف سەخر، پاککردنەوەی لە مین و پاشماوەکانی شەڕی داعش، دابینکردنی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی خەڵکی رەسەن و ئاوارەکانی ناوچەکە بۆ سەر زێدی خۆیان، کە بڕیارە دوای تەواوبوونی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی هێزەکان، قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رابگەیەنرێت.
رۆڵی ئێران و پێگەی حەشدی شەعبی
لەبارەی رۆڵی ئێران لەو دۆسیەیەدا، بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات کە رۆڵی ئێران تەنیا لەسەر داوای هەندێک هێزی سیاسیی عێراقی و لە چوارچێوەی نێوەندگیریدا بووە بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپەکان، تاوەکو رێگری لە تەشەنەسەندنی دۆخەکە بکرێت و نەگاتە پێکدادان.
لە کۆتاییشدا بەرزنجی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە بە هیچ شێوەیەک بە مانای لاوازکردنی حەشدی شەعبی نایەت، بەڵکو حەشد هێزێکی فەرمیی سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و ئەم پرۆسەیە تەنیا رێکخستنەوە و ئاڵوگۆڕێکی ئاسایی سەربازییە لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی سیستەمی ئەمنیی عێراقدا.