سەباح نوعمان: پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و پلانێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دادەنرێت
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی جورف سەخر بەگوێرەی رێکارە دانراوەکان بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت و هەمووان لەژێر چەتری یاسا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندان، هاوکات ئاشکرای دەکات کە وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، خزمەتگوزارییەکان بۆ ناوچەکە دەگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای چوونی هێزە سەربازییەکانی عێراق بۆ ناو ناوچەی جورف سەخر، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی گوت: "پرۆسەکە زۆر باش و بەگوێرەی ئەو رێکارانەی دانراون بەڕێوەدەچێت و کارەکان بە ئاسایی بەڕێوەدەچن."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش دا: "ئەمڕۆ هەمووان لەژێر چەتری یاسا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندان و پابەندن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانەوە، ئەرکی هەمووانیش پاراستنی ئاشتی و یەکگرتوویی خاکی عێراقە."
لەبارەی ئاوارەکانیشەوە، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان گوتی: "پلانێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دادەنرێت؛ دوای ئەوەی ئەو ژێرخانە ئابوورییەی لەلایەن تیرۆرەوە لەنێوبراوە بۆ ناوچەکە گەڕێندرایەوە، خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم ناوچەیە دەگەڕێندرێنەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان."
دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ و چەند کاتژمێرێک دواکەوتن لە وادەی دیاریکراوی بەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە دەروازەی جورف سەخرەوە چوونە نێو ناوچەکە و نێردراوی کوردستان24ـیش زانیاری لەبارەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و پشکنینی هێزەکان لە دەروازەکە دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 لە دەروازەی جورف سەخرەوە رایگەیاند، هێزێکی زۆری پۆلیسی فیدراڵی لە بەیانییەوە لەو شوێنە کۆکرابوونەوە و سەرەڕای ئەوەی بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواکەوت و دواتر ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی پۆلیسی فیدراڵی کە چەکی قورس و مامناوەندیشیان پێبوو، بە شێوەیەکی بەردەوام چوونە نێو جورف سەخرەوە.