زاخارۆڤا: ناتۆ بە ئاشکرا خۆی بۆ جەنگ لەگەڵ رووسیا ئامادە دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ستراتیجی سەربازیی خۆیدا کردووە و بە ئاشکرا خۆی بۆ چوونە ناو ململانێیەکی چەکداری لەگەڵ رووسیا لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا ئامادە دەکات.

هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا روونی کردەوە، بیروباوەڕی سەربازیی ناتۆ چیتر تەنیا لەسەر وەستاندنی دوژمن لە سنووری وڵاتانی ئەندامدا نەماوەتەوە، بەڵکوو ئێستا ئاراستەی گۆڕاوە بەرەو ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دەرەوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیی هاوپەیمانێتییەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای گوتەکانی مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەسەر نەبوونی هەڕەشەیەکی دەستبەجێ لەلایەن رووسیاوە، بەڵام پلانی دوژمنکارانەی زیاتر و مەترسیدارتر لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا سەریان هەڵداوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە گاڵتەجاڕییەوە باسی لەو تیۆریی سەرکەوتنە کرد کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن ئەلێکسس گرینکێویچ، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپاوە پێشکەش کرابوو، و بە شێتییەکی تەواوی ئەتڵەسی ناوزەدی کرد.

زاخارۆڤا گوتی: ئەو چەمکە بریتییە لە لێدانی ئامانجەکان، نەک تەنیا سەربازییەکان لە قووڵایی خاکی رووسیادا بە دووریی چەندین هەزار کیلۆمەتر، هاوکات هاندانی کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییەکان بۆ پەرەپێدانی چەکی دوورمەودای نوێ، کە ئەمەش نیشانی دەدات داڕێژەرانی سیاسەتی ناتۆ تەنیا خولیای جەنگیان هەیە.

زاخارۆڤا جەختی کردەوە، رووسیا هیچ نیازێکی نییە هێرش بکاتە سەر دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ و دەخوازێت لە ئاشتی و تەباییدا لەگەڵ دراوسێکانی و سەرجەم وڵاتاندا بژی؛ بەڵام هۆشدارییشی دا لەوەی کە قسەکردن لەسەر پێکدادانی سەربازی دەبێت بوونی چەکی ئەتۆمی لەبەرچاو بگرێت، چونکە چەکی ئەتۆمی تەنیا لە قۆرخی ناتۆدا نییە و رووسیاش خاوەنی توانایەکی گەورەی ئەتۆمییە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا دوێنێ پێنجشەممە جەختی کردبووەوە مۆسکۆ گرنگی بە کۆتاییهێنان بە ململانێی ئۆکرانیا دەدات، بەڵام دوای هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پردی کریمیا، ئەگەری ئەنجامدانی دانوستانی لەگەڵ کیێڤ رەتکردەوە و دووپاتی کردەوە کە مۆسکۆ مافی دابینکردنی ئاسایشی خۆی هەیە.