توێژینەوەیەک: خواردنی ڤیتامین سی لە شێرپەنجەی گەدە دەتپارێزێت

 توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی واتەرلووی کەنەدی ئاشکرای دەکات، وەرگرتنی ڤیتامین "C" راستەوخۆ دوای ژەمە خواردنەکان رێگری لە دروستبوونی ئەو پێکهاتە کیمیاییانە دەکات لە گەدەدا کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.

توێژەرانی زانکۆی واتەرلووی کەنەدی لە رێگەی مۆدێلێکی ماتماتیکییەوە کە لاسایی کارلێکە کیمیاییەکانی کاتی هەرسکردنی خۆراک دەکاتەوە، بۆیان دەرکەوتووە ڤیتامین "C" رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە سنووردارکردنی دروستبوونی ئەو ئاوێتانەی گەدە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت ببنە هۆی شێرپەنجە.

بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستیی (Journal of Theoretical Biology) بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت خواردنی تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین "C" ماوەیەکی کەم دوای ژەمە خواردنەکان، زۆرترین کاریگەریی هەبێت بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئەو پێکهاتانە، بە بەراورد بە هەر کاتێکی دیکەی رۆژ.

کارلێکەکانی ناو گەدە

ماددەی نیترات بە شێوەیەکی سروشتی لە سەوزە گەڵادارەکانی وەک سپێناخدا هەیە و لە رێگەی ئاوی خواردنەوە و هەندێک گۆشتی ئامادەکراویشەوە دەچێتە ناو جەستەوە. بەکتریاکانی ناو دەم بەشێک لەو نیتراتە دەگۆڕن بۆ نیتریت، کاتێکیش دەگاتە گەدە، کارلێک دەکات و پێکهاتەیەک بە ناوی (N-nitroso) دروست دەکات کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت رۆڵی لە گەشەسەندنی شێرپەنجەدا هەبێت.

توێژەران لەم مۆدێلەدا رەچاوی گۆڕانی قەبارەی ناو گەدە، پلەی ترشێتیی دوای نانخواردن و کاریگەریی ڤیتامین "C"ـیان لەسەر ئەو کارلێکانە کردووە.

باشترین کات بۆ وەرگرتنی ڤیتامین "C"

ئەنیتا لایتۆن، مامۆستای بیرکاریی جێبەجێکار لە زانکۆی واتەرلوو رایگەیاند، ئەم مۆدێلە رێگە دەدات کاریگەریی چەندین هۆکار بخوێندرێتەوە، لەوانە کاتی ژەمەکان، دژەئۆکسانەکان، بارودۆخی گەدە و بەکتریاکانی ناو دەم.

لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران روونیان کردووەتەوە کە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە تەنیا لە چوارچێوەی پێشبینییەکی زانستیدان بۆ چۆنیەتیی دروستبوونی پێکهاتەکان لە کاتی هەرسدا، و هێشتا بە شێوەیەکی کردەیی لەسەر مرۆڤ تاقینەکراوەتەوە کە ئایا خواردنی ڤیتامین "C" دوای نانخواردن راستەوخۆ رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە دادەبەزێنێت یان نا.