زێلینسکی: پووتین باسی دانوستان دەکات بەڵام دەیەوێت جەنگ بەردەوام بێت

سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە، هەر هەوڵێک بۆ یەکسانکردنی وڵاتەکەی و رووسیا لە چوارچێوەی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا، هەڵەیەکی سیاسیی گەورەیە و پێداگریشی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ کردەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی گوتی: واشنتن ئەرکی لەسەرە یارمەتیی ئۆکرانیا بدات. روونیکردەوە، ئەمریکا ئەو رێگەچارە پێویستانەی بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیل دۆزییەوە و دەتوانێت پشتیوانییەکی هاوشێوەش پێشکەش بە وڵاتەکەی بکات.

سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی بەردەوامیی جەنگەکە بۆ سەر خۆی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: هۆکاری پێداگریی ترەمپ لەسەر ئەو هەڵوێستە دەزانێت، بەڵام رەتی کردەوە هۆکارەکە ئاشکرا بکات.

هەروەها لە وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکادا کە گوتبووی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتن دەکات، زێلینسکی وەڵامی دایەوە، پووتین بەردەوام ئامادەییی خۆی بۆ دانوستان پێشان دەدات، بەڵام لە راستیدا دەیەوێت جەنگەکە بەردەوام بێت.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئۆکرانیا دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کردبوو، ڤلادیمیر پووتین پێی راگەیاندووە ئارەزووی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەکات و باسی لەوەش کردبوو، کار بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک دەکات تا کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت.

دوێنێ هەینی، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پووتین دژایەتیی پەنا بردن بۆ رێگەچارەی دیپلۆماسی ناکات بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، بەڵام روونیکردەوە، ناکۆکییە کەسییە توندەکانی نێوان سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی ئۆکرانیا بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، رق و کینەی نێوان پووتین و زێلینسکی زۆر گەورەیە و بە بۆچوونی ئەو، ئەو دوژمنایەتییە توندە ئەرکی گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسیی سەختتر کردووە.

هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەردەوامن کە کۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بهێنێت، هاوکات ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنەکە، داهاتووی خاکی ئۆکرانیا و گەرەنتییە ئەمنییەکانی کیێڤ هەیە.

واشنتن لە سەردەمی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا سەرەکیترین پشتیوانیکاری کیێڤ بوو، بەڵام ترەمپ لەو کاتەوەی سەرەتای ساڵی رابردوو گەڕایەوە بۆ پۆستەکەی، پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمریکای بۆ ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.