هۆشداری دەدرێت؛ دیلمان ئازاد داوا دەکات منداڵان یاریی GTA نەکەن

دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری
دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری

پسپۆڕێکی پزیشکیی دادوەری، هۆشداری لە مەترسیی دەستەواژە سێکسی و ورووژێنەرەکانی یاریی GTA6 و میکانیزمی ئالوودەبوونی منداڵان و هەرزەکاراندا بە یارییەکە دەدات؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە ئەو لووتکەی چێژوەرگرتنەی بەهۆی رژاندنی ماددەی دۆپامینەوە لە مێشکدا دروست دەبێت، وا دەکات منداڵ چێژ لە هیچ شتێکی دیکەی ژیان نەبینێت و بەرەبەرە ببێتە قوربانیی ئالوودەبوونی دیجیتاڵی.

شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی یاریی ئەلیکترۆنیی GTA 6، شێوازی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ سۆشیاڵ میدیا، چەمکی زانستیی پەروەردەی سێکسی و گرنگیی شکاندنی بەربەستی شەرم لە نێوان دایک و باوک و منداڵاندا.

 

یاریی GTA 6 و میکانیزمی ئالوودەبوون

سەبارەت بە یاریی  GTA 6، دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو رایگەیاند: "من بەکارهێنەری ئەو یارییە نیم و منداڵەکانیشم بەکارهێنەری نین، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی بینیم، یارییەکە دەستەواژەی سێکسیی تێدایە کە بۆ تەمەنی منداڵ و هەرزەکار نەگونجاوە؛ ئەو دەستەواژە و شتانەی لە ناو یارییەکەدان ورووژێنەرن بۆ هەست، بە تایبەتی بۆ منداڵ یان هەرزەکار، بە راستی مەترسیدارن."

ئەو پسپۆڕەی پزیشکی دادوەری بە شێوەیەکی زانستی میکانیزمی ئالوودەبوون بەو یارییەی روون کردەوە و گوتی: هەر منداڵێک یان هەرزەکارێک کاتێک یارییەک دەکات یان چێژ لە شتێک دەبینێت، دەبێتە هۆی رژاندنی ماددەی دۆپامین لە ناو مێشکیدا، کە دەگاتە ئاستی لووتکەی چێژوەرگرتن؛ کاتێک ئەو چێژە لەو یارییەدا دەبینن، هیچ چێژ لە شتەکانی تری ژیان نابینن، واتە بە هەموو شتێک دڵیان ناخۆشە تەنیا بەو یارییە نەبێت.

دکتۆرە دیلمان ئاماژەی بە قۆناخەکانی ئەو ئالوودەبوونە کرد و گوتی: ئەو یارییە وا دەکات ئەگەر بۆ نموونە لە 5 خولەک چێژی بینیبێت، ئەو جارە زیادی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە 10 خولەک یاریکردن و دواتر ببێتە کاتژمێرێک، بەم جۆرە ئالوودە دەبێت پێی. بۆیە ئالوودەبوون تەنیا بە ماددەی هۆشبەر نییە، بەڵکوو ئالوودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا و زۆر شتی تر هەیە، یەکێک لەوانەش یاریی وەک GTA6ـە کە هەندێک دەستەواژە و شتی ورووژێنەری تێدایە و نەشیاوە بۆ منداڵ.

 

سۆشیاڵ میدیا؛ قەدەخەکردن نا، بەڵکو رێنیشاندان

لەبارەی ئەوەی کە ئایا پێویستە سۆشیاڵ میدیا بە تەواوەتی لە منداڵان قەدەخە بکرێت، دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو روونی کردەوە، ئێستا دنیای سەردەم، دنیای سۆشیاڵ میدیایە و ناکرێت منداڵەکانمان لە دنیای سەردەم داببڕین، بەڵام دەکرێت رێگە و رێڕەوە راستەکانیان پێ پیشان بدەین. سۆشیاڵ میدیاش دوو سەرەیە؛ لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنی هەیە، بەڵام لایەنە ئەرێنییەکەی یەکجار زۆرە و ئەگەر بتوانن بە جوانی بەکاری بهێنن سوودێکی زۆری هەیە.

ئەو باسی لەوەش کرد کە منداڵ و هەرزەکار لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بە یەک کلیک دەتوانێت بگاتە هەموو ئەو توێژینەوە و زانیارییە تەندروستی و سەرچاوە راستانەی پێویستی پێیەتی و لە کولتوور و دابونەریتی وڵاتانی دیکە تێبگات، بەڵام بە هەمان شێوە بە یەک کلیک دەتوانێت زانیاریی خراپ و نەرێنیش وەربگرێت. بۆیە دووپاتی کردەوە کە قەدەخەکردنی تەواوەتیی سۆشیاڵ میدیا هەڵەیە چونکە منداڵ لە دنیای سەردەم دادەبڕێت.

 بەڵام گوتی: "دەتوانیت بە منداڵەکەت بڵێیت بۆ نموونە یارییەکی وەک GTA 6 زۆر خراپە، چونکە ئەو دەستەواژانەی تێدایە کە زیان بە تەندروستی و دەروونی دەگەیەنن و ئالوودەی دەکەن؛ دەتوانین لەوە دووری بخەینەوە و قەدەخەی بکەین، بەڵام ناتوانین بە تەواوی لە سۆشیاڵ میدیا دووری بخەینەوە.

 

"کاتێک شەرم دروست دەبێت، سۆشیاڵ میدیا دەبێتە مامۆستا"

دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو ئاشکرای کرد، هەر کاتێک شەرم یان بەربەست لە پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا دروست ببێت، سۆشیاڵ میدیا دەبێتە مامۆستا، لەبەر ئەوەی منداڵ هەموو زانیارییەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا وەردەگرێت، باوەڕیشی پێ دەکات و دەبێتە سەرچاوەی سەرەکیی زانیارییەکانی.

لەم بارەیەوە ئاماژەی بە دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی خۆی دا کە ئێستا توێژینەوەیەکی بڵاوکراوەیە و گوتی: لەو توێژینەوەیەدا بۆم دەرکەوت ئەو منداڵانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر، زانیاریی سۆشیاڵ میدیایان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر جەستە و هەستەکانی خۆیان وەربگرن؛ واتە بەربەستێک هەبووە و دایکەکە نەیتوانیوە ئەو زانیارییە بگەیەنێتە دەستی منداڵەکە، منداڵەکەش بە ناچاری پەنای بۆ سۆشیاڵ میدیا بردووە، و دڵنیام زۆربەی زۆریشیان بە هەڵە بەکاریان هێناوە و زانیاریی هەڵەیان وەرگرتووە.

 

تێگەیشتنی هەڵە لە پەروەردەی سێکسی و رۆڵی لە پاراستنی منداڵاندا

دکتۆرە دیلمان لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە تێگەیشتنی هەڵەی کۆمەڵگە لە دەستەواژەی پەروەردەی سێکسی، رایگەیاند: لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بە هەڵە لە دەستەواژەکە تێدەگەن؛ وا دەزانن مەبەستمان پەیوەندیی سێکسیی نێوان ژن و پیاوە، بەڵام ئەوە زۆر دوورە لەو بابەتە، بەڵکو بابەتێکە پێی دەڵێن پەروەردەکردن.

ئەو پسپۆڕە پێناسەی پەروەردەی سێکسیی دروستی کرد و گوتی: پەروەردەی سێکسی ئەو پەروەردەیەیە کە هەر لە منداڵییەوە دەدرێت بە منداڵ تاوەکو تەمەنی هەرزەکاریش تێپەڕ دەکات؛ وا دەکات منداڵ سنوورەکانی خۆی بزانێت بۆ ئەوەی لە دەستدرێژیی سێکسی بپارێزرێت و لە دەرەوەش بە جۆرێک رەفتار بکات کە دەروونی دروست بێت و مامەڵەی تەندروست بێت لەگەڵ دەوروبەریدا.

وەک نموونەی کرداری بۆ پەروەردەی سێکسیی دروست، دکتۆرە دیلمان ئاماژەی بەمانە دا:

-کاتێک منداڵ فێر دەکەیت لە پێش هیچ کەسێک خۆی نەگۆڕێت و جەستەی پیشانی خەڵک نەدات.

-کاتێک هەر لە منداڵییەوە فێری دەکەیت کە پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر پەیوەندییەکی سنووردار و لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت و جیاوازیی نێوان هاوپۆل، برادەر و هاوپیشە بزانێت تا لە سنوورەکان تێبگات.

-کاتێک منداڵ فێر دەکەیت کە کەس بۆی نییە دەستکاریی شوێنە هەستیارەکانی بکات و کەسیش بۆی نییە وێنەیان بگرێت.

جەختیشی کردەوە کە ئەو پەروەردە سێکسییە وا دەکات منداڵ تا رادەیەکی یەکجار زۆر پارێزراو بێت لە دەستدرێژیی سێکسی، گێچەڵی سێکسی و تاوانە سێکسییەکان.

 

چۆنیەتیی دروستکردنی متمانە لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا

سەبارەت بەوەی دایک و باوکان چۆن متمانە لای منداڵ و هەرزەکار دروست بکەن تا بەبێ ترس و شەرم هەر زانیارییەکی ناو ئینتەرنێت لەگەڵیاندا باس بکەن، دکتۆرە دیلمان گوتی: پێویستە ئەو پەیوەندییە هەر لە منداڵییەوە بە جۆرێک دروست ببێت کە منداڵەکە هیچ شەرم لە دایکی یان باوکی نەکات.

بۆ ئەمەش چەند نموونەیەکی هێنایەوە: بۆ نموونە، کاتێک کچ دەگاتە قۆناخی هەرزەکاری و باسی سووڕی مانگانە دەکات، پێویستە دایکەکە زۆر بە رۆحێکی گەورەوە لێی وەربگرێت، دابنیشێت و لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات لەسەر چۆنیەتیی خۆخاوێنکردنەوە و ئاگاداربوون لە پاکوخاوێنیی خۆی. بە هەمان شێوە بۆ کوڕ، کاتێک دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری و بە دایکی دەڵێت بۆ نموونە ئارەقە دەکەمەوە، دایکەکە بە شێوەیەکی نەرمونیان فێری بکات چۆن ئاگای لە خۆی بێت، بۆنی ئارەقە لابدات، بۆنخۆشکەر بەکار بهێنێت و رۆژانە چەند جار سەری بشوات و، بە نەرمونیانی گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەتی تریش لەگەڵیان بکەن.

روونیشی کردەوە، کە کاتێک ئەم گفتوگۆ کراوەیە هەبێت، منداڵەکە فێر دەبێت بێتە لای دایکی و پرسیار لە بارەی راستی و دروستیی ئەو زانیارییانەوە بکات کە لە سۆشیاڵ میدیادا دەیبینێت؛ دایکەکەش دەتوانێت بە جوانی پێی بڵێت: هەر زانیارییەکت لە سۆشیاڵ میدیا خوێندەوە، وەرە پیشانی منی بدە بۆ ئەوەی منیش لەگەڵ تۆ فێر ببم یان بزانم ئایا راست و دروستە.

 

پەیامی کۆتایی بۆ دایک و باوکان: "بەربەستی شەرم بشکێنن"

دکتۆرە دیلمان خۆشناو کۆتا پەیامی خۆی وەک دەرئەنجامی توێژینەوەکانی ئاراستەی دایک و باوکان کرد و گوتی: کۆتا نامەم بۆ دایک و باوکان ئەوەیە کە بە پێی توێژینەوە بۆم روون بووەتەوە: بەربەستی شەرم بشکێنن تا منداڵەکە هەموو شتێک بۆ دایکی و باوکی باس بکات.

لەبارەی گرنگیی ئەم هەنگاوەشەوە جەختی کردەوە، بۆ نموونە، کاتێک منداڵێک گێچەڵی سێکسیی پێ دەکرێت یان دەستدرێژی دەکرێتە سەر، فێر نەبێت بیشارێتەوە، بەڵکو بێت باسی بکات بۆ دایکی بۆ ئەوەی دایکی مافی بۆ وەربگرێتەوە. بەم جۆرە منداڵێکی بەهێز، بە توانا و خاوەن کەسایەتییەکی جوان دەخەیتە ناو کۆمەڵگە و لە زۆر شت دەیپارێزیت.

هەروەها ئامۆژگاریی دایک و باوکانی کرد کە بەبێ شەرم رێنمایی منداڵەکانیان بکەن و پێیان بڵێن: ئاگات لە سنوورت بێت لەگەڵ ئەو کوڕ و کچانەی دەوروبەرت و، کاتێک هەستێکت دەبێت زۆر ئاساییە وەرە بۆ منی باس بکە تا بزانم هەستەکەت راستە یان نا؛ ئەو کاتە لە زۆر هەڵە دەیپارێزیت کە لەوانەیە تووشی ئەو هەرزەکارە ببێتەوە.