لە پێنجوێن نەوت دابەش دەکرێت
ئەمڕۆ یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتە پارێزگای سلێمانی و بۆ قەزای پێنجوێن وەک یەکەم ناوچە، 15 تانکەر نەوت دابین کراوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئومێد عومەر، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی پێنجوێن بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی بەرنامەی دانراو، ئەمڕۆ دابەشکردنی ئەم وەجبەیە لە سەنتەری قەزای پێنجوێن و لە گەڕەکی ناوشاخانەوە دەست پێ دەکات.
هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی بەردەکەوێت و نرخی ئەو بڕەش 33,000 دینارە. پڕۆسەکە بە شێوەیەکی رێکخراو و بەپێی پلانی لێژنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ دەکرێت.
عومەر داوای لە هاووڵاتیان کرد پابەندی رێنماییەکان بن و هاوکاریی لێژنەکان بکەن، تا پرۆسەی دابەشکردن بە شێوەیەکی رێکخراو و بێ کێشە بەڕێوە بچێت.
لە ئایندەیەکی نزیکدا وەجبەی دووەمی نەوت دەگاتە پێنجوێن و ئومێد دەخوازێت پێنجوێن وەک وەجبەی یەکەم، یەکەم ناوچە بێت کە وەجبەی دووەمیشی بەردەکەوێت.
لە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن لەسەر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان وەک یەکەم وەجبە بۆ وەرزی زستان.
بەپێی دابەشکاریی وەزارەتەکە، لەو 50 ملیۆن لیترە، 21 ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیۆن لیتر بۆ هەولێر و 12 ملیۆن لیتریش بۆ دهۆک تەرخان کراوە، هەرچەندە بەرپرسانی سامانە سروشتییەکان پێشتر رایانگەیاندبوو هەرێم داوای 268,710,600 لیتر نەوتی کردووە و بەغدا تەنیا 19%ـی ئەو بڕە دەنێرێت.