نێچیرڤان بارزانی و فالح فەیاز دۆخی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دۆخی سیاسیی عێراق، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان تاووتوێ کرد؛ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی، چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی سەقامگیریی وڵات کردەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کراوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: نێچیرڤان بارزانی و فالح فەیاز جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.

هەروەها گرنگیی هاریکاریی نێوان تەواوی لایەنە عێراقییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.