تاران هۆشداری توند بە کەشتییە بازرگانییەکان دەدات

 دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی رووداوێک کەشتییەکی نەوت، لە کەنداوی عومان، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی سروشتی رووداوەکە بخەنەڕوو.

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم کەشتییەکان کردووە بە وریایییەوە مامەڵە بکەن و بەردەوام چاودێریی پێشهاتەکانی ژینگەی ئۆپەراسیۆنی ناوچەکە بکەن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بەرکەوتنی دوو تانکەری نەوت بە مینە دەریایییەکان لە ناوچەیەکی قەدەغەکراو لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، ئاگر لەو دوو تانکەرە کەوتووەتەوە.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدان تاران بەردەوامە لە سەپاندنی سنووردارکردن بۆ سەر جموجۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز. ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات، تاران لە 12ـی تەمووز رایگەیاند، گەرووەکە دادەخات، ئەوەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا بوو کە ئەمریکا لە 8ـی هەمان مانگدا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردبوو.

دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، هەر کەشتییەک لە دەرەوەی ئەو رێڕەوەی بۆیان دیاری کراوە بە گەرووەکەدا تێپەڕێت، یان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت هاتوچۆ بکات، دەیکەنە ئامانج.