کوشنەر: ئامادەیی لایەنەکان بۆ دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی ئۆکرانیا هەنگاوێکی گەورەیە

راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەیی دۆناڵد ترەمپ بۆ تاوتوێکردنی گەرەنتیی ئەمنیی هاوشێوەی مادەی پێنجی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا و ئامادەیی رووسیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەری هەنگاوێکی گەورەن بەرەو ئاشتی؛ لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی پێویستی بە گەرەنتیی هەمیشەیی و نووسراو هەیە، نەک تەنیا بۆ دوو ساڵی سەرۆکایەتیی ترەمپ.

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، جارید کوشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە وەڵامی زێلێنسکیدا نووسیویەتی: ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا راست دەکات کە گەرەنتییە ئەمنییەکان دەبێت دیاریکراو، جێمتمانە و بە روونی بە بەڵگەنامە کرابن، راشیگەیاندووە، ئەمە هەمان ئەو کارەیە ئەو و تیمی نێردە تایبەتەکانی ئاشتی پێکەوە ئەنجامی دەدەن.

کوشنەر باسی لەوە کردووە، ئەم گەرەنتییانە لە گرنگترین پابەندبوونەکانن کە ئەمەریکا دەتوانێت بیکات و پێویستیان بە وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی ورد هەیە، و ترەمپیش دەبێت بە گوێرەی رێکارە دەستووری و کۆنگرێسییەکان پەسەندیان بکات، ئەوەش تەنیا ئەگەر بڕوای وابێت بە روونی خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا دەکات.

بە گوتەی کوشنەر، ناکرێت گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئۆکرانیا بە دابڕاوی لە بنیاتی ئاسایشی ئەوروپای دوای جەنگ یەکلایی بکرێنەوە و دەبێت هەردووکیان پێکەوە رەچاو بکرێن. روونیشی کردووەتەوە، ئامانجیان بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەوروپا و دانانی کەناڵی هەمیشەیی ڕاوێژ، پەیوەندیی قەیرانەکان و رێگری لە پەرەسەندنی سەربازییە، تا ئۆکرانیا پارێزراو بێت، ئەوروپا بەهێزتر بێت، رووسیا دڵنیا بێت کە ناتۆ بەدوای رووبەڕووبوونەوەدا ناگەڕێت و ناتۆ و هاوبەشەکانیشی دڵنیا بن کە رووسیا رێز لە سەروەری و ئاسایشی دراوسێکانی دەگرێت.

کوشنەر گوتیشی، ئاسایش دەبێت بە هێزی ئابووری پشتگیری بکرێت و ئۆکرانیا پێویستی بە پلانی درێژخایەنی گەشەپێدان و چاکسازی هەیە. ئاشکراشی کردووە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا لەگەڵ ئۆکرانیا، هاوبەشە ئەوروپییەکان و رووسیا کار دەکەن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، و وەک ترەمپ لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ویستداران دووپاتی کردووەتەوە، ئەو سەدان ملیار دۆلارەی ئێستا لەم جەنگەدا خەرج دەکرێت دەکرێت لە ئابوورییەکاندا وەبەربهێنرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، پرسی ناتۆ لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ویستداران لە بەرلین وروژێندراوە و هاوپەیمانان تێدەگەن کە روونترین گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا ئەندامێتییە لە ناتۆدا، کە هاوکات ناتۆش بەهێزتر دەکات.

سەبارەت بە گەرەنتیی هاوشێوەی مادەی پێنجی ناتۆ، زێلێنسکی گوتی: مادەی پێنج باسی بەرگریی بەکۆمەڵ دەکات. بۆ ئۆکرانیا هێشتا روون نییە، چونکە هێشتا وەڵامێکی تەواومان نییە لەسەر ئەوەی ئەم کۆمەڵەیە چی دەبێت، چۆن بەرگریمان لێ دەکات و ئایا ئامادە دەبێت بەرپەرچی دەستدرێژکار بداتەوە یان نا. وەڵامەکان نابێت تەنیا قسە بن، دەبێت لەسەر کاغەز بن.

سەرۆکی ئۆکرانیا پێداگریشی کرد کە گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکرانیا و هەموو ئەوروپا دەبێت بەهێز بن نەک تەنیا بۆ ئەم دوو ساڵەی کە ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایە، بەڵکوو بۆ دوای ئەوەش و بۆ هەمیشە، گوتیشی: تەنانەت ئەگەر پووتین و ترەمپیش هاوڕێ بن وەک ئەوەی لەم دواییانەدا دەرکەوت، ئەو بیرۆکەیەی کە پووتین تەنیا بۆ دوو ساڵ بترسێت لە ئەنجامدانی دەستدرێژییەکی دیکە، بۆ ئێمە گونجاو نییە؛ ئەوە ئاشتییەکی بەهێز نییە، بەڵکوو وەستانێکی دوو ساڵەیە.