لە کەرکووک هەوڵێکی بە قاچاخبکردنی 11 پارچە شوێنەوار پووچەڵ کرایەوە

تیمەکانی هەواڵگریی سەربازی لە بەشی هەواڵگری و ئاسایشی بارەگای کۆنترۆڵی خورماتوو لە کەرکووک، هەوڵێکی بە قاچاخبکردنی 11 پارچە شوێنەواری بەنرخیان پووچەڵکردەوە و تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ئۆپەراسیۆنەکە بەگوێرەی رێنماییەکانی نایف موکەیف شەممە، وەزیری بەرگری و عەبدولڕەحمان رەشید یارڵڵا، سەرۆکئەرکانی سوپا و بەدواداچوونی حەسەن جەواد سێلاوی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی و میراتی شارستانیی عێراق.

ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری بوو، ئاشکرایکرد چەند گومانلێکراوێک بەنیازن پارچە شوێنەوار لە کەرکووکەوە بەرەو سەڵاحەددین قاچاخ بکەن. لەسەر ئەو بنەمایەش تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆسەیەکی توندوتۆڵیان دانا، لە ئەنجامدا تۆمەتبارێک دەستگیرکرا و دەست بەسەر 11 پارچە شوێنەوارە جۆراوجۆرەکەدا گیرا کە پێی بوون.

تۆمەتبارەکە و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان بەپێی رێکارەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران، بۆ ئەوەی بەگوێرەی ماددەی 44ـی یاسای شوێنەوار رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەری بگیرێتەبەر.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی جەختدەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی تۆڕەکانی قاچاخکردن و وشککردنی سەرچاوەکانی تاوان، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هەر کەسێک کە هەوڵبدات دەستکاریی سامانی شارستانیی عێراق بکات یان بازرگانی بە میراتی مێژووییەکەیەوە بکات، لەپێناو پاراستنی توانا و میراتی نیشتمانیی وڵاتەکە.