وەزارەتی لاوانی بەحرەین بۆ کوردستان24: کوردستان هاوبەشێکی گرنگمانە لە پەرەپێدانی لاوان

لۆگۆی دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن" و تۆڕی "هیوا"ـی بەحرەینی
لۆگۆی دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن" و تۆڕی "هیوا"ـی بەحرەینی

لووتکەی جیهانیی لاوان – کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و بەحرەین ویستی خۆی بۆ پتەوکردنی هاوکاری بۆ پێگەیاندنی لاوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە. 

لووتکەی جیهانیی لاوان - کوردستان 2026 یەکەم لووتکەی جیهانیی لاوانە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. "کوردستان فاوندەیشن" رێکیدەخات؛ سبەی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە 47 وڵاتەوە لە هەولێر کۆدەکاتەوە، لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سەرکردە گەنجەکان لە سەرانسەری ناوچەکە و جیهانەوە.

لەژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو"ـدا، لووتکەکە گەنجان دەخاتە چەقی گفتوگۆکانەوە دەربارەی داهاتووی کار، پەروەردە، تەکنەلۆژیا، ژیریی دەستکرد، کەشوهەوا و هاوکاریی نێودەوڵەتی. گەنجان تەنها ئامادەبوو نین: ئەوان پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، لەگەڵ وەزیران لەسەر یەک مێز دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی ڕاستەقینەدا دەکەن.

تۆڕی هیوا ساڵانە چوار کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساز دەکات، تشرینی دووەمی 2026 بۆ یەکەمین جار بە دەستپێشخەری "کوردستان فاوندەیشن" سەردانیی کوردستانیان کرد و بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی لاوان دەکەن کە لە 24 تا 26ی تشرینی دووەم لە هەولێری پایتەخت لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت.

ئێوارەخوانی تۆڕی هیوا (Hope Network) و "کوردستان فاوندەیشن" لە قشلەی ئاکرێ

ئەم بۆنەیە، ئێوارەیەکی پڕ لە مۆسیقای کوردی و گفتوگۆی راستەقینە دەبێت. وەزیران، دامەزراوەکان و سەرکردە گەنجەکان ئەزموونە سەرکەوتووەکانیان دەخەنەڕوو و بەیەکەوە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکەکان دەکەن، لە پێناو دەستنیشانکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری پرسە هەنووکەییەکانی لاوان.

ئێوارەخوانەکە نەریتێکی تۆڕی هیوایە کە ساڵانە لە شارە جیاوازەکانی جیهان بەڕێوەی دەبات. پێش ئەوەی بێتە کوردستان، تۆڕی هیوا ئەم ئێوارە خوانەی بۆ ئەندامانی خۆی و بەرپرسانی وڵاتانی میواندار و بیانی ئەنجام داوە لە شارەکانی دوبەی و بۆداپێست. یەکەمجارە ئەم بۆنەیە لە کوردستان ساز دەکرێت.

 

کارەکانی تۆڕی هیوا و یەکخستنی رێکخراوەکانی لاوان

تۆڕی هیوا کە لە ساڵی 2024 لە شانشینی بەحرەین بە سەرۆکایەتی شێخ ناسر بن حەمەد ئال خەلیفە، نوێنەری شای بەحرەین بۆ کاروباری مرۆیی و لاوان دامەزراوە، ئەم تۆڕە سەکۆیەکی جیهانییە بۆ کۆکردنەوەی وەزارەتەکانی لاوان، دامەزراوە حکوومییەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوان. ئامانجی سەرەکیی ئەم تۆڕە، بەگەڕخستنی تواناکانی لاوانە بۆ ئەوەی ببنە بزوێنەری گەشەپێدانی بەردەوام، داهێنان و پێشکەوتنی جیهانی.

وەلید یوسف بەهدەهی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و مارکێتینگ لە وەزارەتی لاوانی شانشینی بەحرەین بە کوردستان24ـی راگەیاند: تۆڕی هیوا 54 ئەندامی لە سەرانسەری جیهان هەیە و بۆشاییەکی تایبەت بۆ هاوکاری، ئاڵوگۆڕی زانیاری و کاری هاوبەش لە بواری پەرەپێدانی لاوان دەڕەخسێنێت. لە کاتێکدا لاوان رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری و دەرفەتی هاوبەش دەبنەوە، لە پەرەپێدانی لێهاتوویی و هەلی کارەوە تا بەشداریکردنی مەدەنی و سەرکردایەتی، تۆڕی هیوا سەکۆیەکی پێویست بۆ وڵاتان و دامەزراوەکان دابین دەکات تا لە یەکتر فێربن و لەسەر ئەو چارەسەرانە هاوکاری بکەن کە کاریگەریی راستەقینەیان هەیە.

باسی لەوەش کرد: تۆڕی هیوا باوەڕی بەحرەین دەردەخات کە لاوان تەنیا سوودمەند نین لە گەشەپێدان، بەڵکوو هاوبەشن لە داڕشتنی ئەو گەشەپێدانە. لە رێگەی پەیوەستکردنی دامەزراوەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونە سەرکەوتووەکان، تۆڕەکە کۆمەڵگەیەکی جیهانی دروست دەکات کە لاوان هان دەدات بۆ ئەوەی پێشەنگی پێشکەوتن بن لە کۆمەڵگەکانیاندا.

هاوکاری لەگەڵ کوردستان فاوندەیشن

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و مارکێتینگ لە وەزارەتی لاوانی شانشینی بەحرەین هەماهەنگی هەرێمی کوردستان و بەحرەین بە "نموونەیەکی جیهانی" وەسف دەکات و دەڵێت: پەیوەندیی نێوان شانشینی بەحرەین و هەرێمی کوردستان نموونەیەکی بەهێزی هاوکاریی نێودەوڵەتییە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامی بەرجەستە بۆ لاوان. ئەم هاوکارییە کە لەسەر بنەمای پابەندبوون بە بەهێزکردنی لاوان دامەزراوە، گەشەی کردووە بۆ پەیوەندییەکی کاریگەر کە سەرنج دەخاتە سەر ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەهێزکردنی دامەزراوەکان.

گوتیشی: یەکێک لە خاڵە گرنگەکان، سەردانی "کوردستان فاوندەیشن" بوو بۆ بەحرەین لە ساڵی 2025، کە تێیدا شاندەکە لە نزیکەوە ئاشنای سیستمی پەرەپێدانی لاوان لە بەحرەین و بەرنامەکانی وەک "شاری لاوانی 2030" بوون. ئەم سەردانە دەرفەتێکی بەنرخ بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری پەرەپێدانی سەرکردایەتی لاوان، لەوانەش گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی "لامع"ـی بەحرەینی و دەسپێشخەری "گەنجینە"ـی کوردستان فاوندەیشن، کە نیشانیدا چۆن مۆدێلە سەرکەوتووەکان دەتوانن رێگەی نوێ لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دروست بکەن.

ئەم چالاکییە یەکەم کاری هاوبەشی کوردستان فاوندەیشن لەگەڵ بەحرەین و تۆڕی هیوا نییە، بەهدەهی لەو بارەیەوە گوتی:  بەشداریکردنی د. یارا بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی کوردستان فاوندەیشن لە لیژنەی دادوەریی نێودەوڵەتی خەڵاتی شێخ حەمەد بۆ بەهێزکردنی لاوان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، خاڵێکی دیکەی وەرچەرخان بوو. ئەم بەشداریکردنە شارەزایی دەزگاکە و ئەو متمانە و پابەندبوونە هاوبەشەی نیشاندا کە پەیوەندیی نێوان هەردوولای بەهێزتر کردووە. هەرێمی کوردستان ئەندامێکی چالاک و بەنرخی تۆڕی هیوایە و بەردەوام بەشداری لە کۆبوونەوە و چالاکییەکاندا دەکات. کوردستان فاوندەیشن میوانداریی خوانێکی تۆڕی هیوا بە ناونیشانی "ئێوارەی هیوا" لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان دەکات، کە ئەمەش نیشانەی پتەویی پەیوەندییەکان و باوەڕی هاوبەشە بەوەی وەبەرهێنان لە لاواندا کلیلی داهاتوویەکی گەشترە.

دەسپێشخەرییە هاوبەشەکانی داهاتوو

بەحرەین چاوی لەوەیە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات، یوسف بەهدەهی دەڵێت: بۆ داهاتوو بوارێکی فراوان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی نێوان شانشینی بەحرەین و هەرێمی کوردستان لەرێگەی چوارچێوەیەکی رێکخراوتر. ئامانجی سەرەکی، فەرمیکردنی ئەم پەیوەندییە لەرێگەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش کە دەروازەی نوێ بۆ هاوکاریی درێژخایەن دەکاتەوە.

پەیوەست بو بوارانەی ئامانجی سەرەکی هەردوولا دەبن، گوتی: بوارێکی سەرەکی، ئاڵوگۆڕی شاندەکانی لاوان دەبێت بۆ ئەوەی سەرکردە گەنجەکان لە نزیکەوە ئاشنای دەسپێشخەرییە سەرکەوتووەکان بن و تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندی دروست بکەن. هەروەها دەرفەتی بەرچاو هەیە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی هاوبەش و سەکۆی ئاڵوگۆڕی زانیاری کە لاوان بەو لێهاتووییانە پڕچەک دەکات کە بۆ جیهانێکی پێکەوە بەستراو پێویستن.

جەختی لەوەش کردەوە، لەرێگەی تۆڕی هیواوە، دەتوانین ئەم هەوڵانە فراوانتر بکەین بە پتەوکردنی پەیوەندیی لاوانی بەحرەین، هەرێمی کوردستان و ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهان. ئامانجی هاوبەشمان ئەوەیە لە گفتوگۆوە تێپەڕین و میکانیزمی بەردەوام بۆ هاوکاری دروست بکەین کە سەرکردە گەنجەکان بەهێز دەکات و بەشداری دەکات لە دروستکردنی داهاتوویەکی داهێنەرانە و پڕ لە هیوا بۆ ناوچەکە.