لە کۆی 130 هەزار داواکاری؛ 70 هەزار منداڵ لە هەولێر بۆ پسوولەی خۆراک زیاد کراون

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای وەستانی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، سیستەمی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا کراوەتەوە، هاوکات ئاماری زیادکردنی منداڵ و مامەڵەکانی دیکەی هاووڵاتییانی خستە روو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بەهۆی بوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمەکەدا، کۆد بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان نەدەهاتەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ کێشەیەک لە سیستەمەکەدا نەماوە و هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.

ئاماری مامەڵەکانی پسوولەی خۆراک لە هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، سیامەند نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاشکرای کرد، لە 9ـی حوزەیرانەوە کە سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ زیادکردنی منداڵ لە هەولێر کارا کراوە، تا ئێستا لە کۆی 130 هەزار داواکاری، مامەڵەی 70 هەزار منداڵ تەواو کراوە و ناوەکانیان زیاد کراون.

سەبارەت بە مامەڵەکانی دیکەش، نانەکەلی ئەم ئامارانەی خستە ڕوو:

لە کۆی نزیکەی 12 هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی هاوسەرگیری، 6,261 هاوسەرگیری تۆمار کراون.
لە کۆی 30,145 داواکاری بۆ گواستنەوەی پسوولەی خۆراک، 27,500 پسوولە گواستراونەتەوە.
لە مامەڵەی گواستنەوەی هاوسەرگیریدا (گواستنەوە بۆ سەر پسوولەی هاوسەر)، لە کۆی نزیکەی 25 هەزار داواکاری، مامەڵە بۆ 22,620 کەس تەواو کراوە.
هۆکاری دواکەوتنی وەڵامدانەوەی هەندێک مامەڵە لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی گەڕانەوەی وەڵام بۆ بەشێک لەو هاووڵاتییانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕوونی کردەوە کە قەبارەی داواکارییەکان زۆر گەورەیە و راییکردنی مامەڵەکان کاتی پێویستە.

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو مامەڵانەی هاووڵاتییان لە رێگەی مۆبایلەوە پێشکەشی دەکەن، دەگەنە بەشی کۆمپیوتەر و لەوێ وردبینی بۆ وێنەی منداڵ، کارتی نیشتمانیی دایک و باوک و ناوە سیانییەکان دەکرێت؛ دوای دڵنیابوونەوە و پەسەندکردنی لەلایەن بەڕێوەبەرەوە، داتاکان رەوانەی بەغدا دەکرێن تاوەکوو لەوێ بەشەخۆراکیان بۆ زیاد بکرێت و ئاراستەی بەشی دابەشکردنی خۆراک بکرێن."