بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی لووتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان دەستیپێکرد
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لووتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر دەستیپێکرد.
بە پێی کارنامەی لووتکەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکدا بەشدار دەبێت و باس لە چەند پرسێکی تایبەت بە گەنجان دەکات.
لووتکەکە لە ژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت، لە لایەن "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە رێکخراوە و تا رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەردەوام دەبێت.
لووتکەکە زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و 47 وڵاتی جیهانەوە لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرمایەداران، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشان، قسەکەران و سەرکردە گەنجەکانی ناوچەکە و جیهان لەسەر یەک سەکۆ کۆدەکاتەوە.
لە لووتکەکەدا گەنجان تەنیا ئامادەبوو نین، بەڵکوو دەخرێنە چەقی گفتوگۆکانەوە و خۆیان پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، شان بە شانی وەزیران دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی راستەقینەدا دەکەن.
سەرجەم دانیشتنەکان لە چوارچێوەی پێنج بواری سەرەکیدا رێکخراون کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن، لەوانە گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد، پەروەردە و لێهاتووییەکان بۆ داهاتوو، کەشوهەوا و گەشەپێدانی درێژخایەن، داهاتووی کار و تەکنەلۆژیا، هەروەها هەلی کاری سەوز، سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی.
بە گشتی لە ماوەی سێ رۆژەی لووتکەکەدا، شەش پانێڵی گفتوگۆ بە بەڕێوەبردنی گەنجان، شەش گوتاری سەرەکیی سەرکردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، 10 مێزی گفتوگۆ لە نێوان گەنجان و وەزیراندا، 12 وۆرکشۆپ و واژۆکردنی چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن.
کوردستان فاوندەیشن تۆڕێکی رێکخراوەیی ناحکوومییە، لە ساڵی 2024 لە لایەن ئارین مەسرور بارزانییەوە دامەزراوە و کار بۆ بەهێزکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات لە رێگەی سێ کۆڵەکەی سەرەکییەوە: "نیشتیمانیبوون، بونیادنان، پێشکەوتن".
ئارین مەسروور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، لە پەیامێکدا بۆ لووتکەکە رایگەیاندووە، "کوردستان دەرگاکانی بە رووی لاوانی جیهاندا دەکاتەوە، نەک تەنیا وەک میوان، بەڵکوو وەک هاوبەش لە نەخشاندنی داهاتوودا".