جەنگی ئێران کێشەی بۆ دابینکردنی بودجەی پێنتاگۆن دروست کردووە

پێنتاگۆن رووبەڕووی ئەگەری وەرنەگرتنی بودجەی زیادە دەبێتەوە لە ماوەی ئەمساڵدا، ئەگەر کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا نەگەنە رێککەوتنێک سەبارەت بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئەنجامدانی هێرشی داهاتوو دژی ئێران، ئەمەش لە سایەی دانوستانە چەقبەستووەکاندا کە دابینکردنی بودجەی سەربازی بە سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانەوە دەبەستنەوە.

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"، یاسادانەرە باڵاکانی هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێک دەکەن کە بڕینی بودجە بۆ ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی داهاتوو لە جەنگی دژی ئێراندا لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی دەیان ملیار دۆلار لەو بودجەیەی کە وەزارەتی بەرگری دەڵێت بە شێوەیەکی بەپەلە پێویستی پێیەتی.

دانوستانەکان لە سایەی دابەشبوونێکی توندی ناو کۆنگرێسدا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە؛ کۆمارییەکان سەرەڕای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا دوودڵن لە دژایەتیکردنی ترەمپ سەبارەت بە جەنگەکە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن پێگە سیاسییەکەیان بقۆزنەوە بۆ سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکدا لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

بە گوێرەی سی ئێن ئێن، شکستهێنانی هەردوولا لە گەیشتن بە رێککەوتن، دەرفەتێکی زۆر سنووردار لەبەردەم پێنتاگۆندا دەهێڵێتەوە بۆ وەرگرتنی بودجەی زیادە لە ئەمساڵدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ساڵی داهاتوو ناچار دەبێت لەگەڵ دیموکراتەکاندا بکەوێتە دانوستانەوە، کە ئەرکێکی سەختتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرجەم دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەنگیان دا بۆ لەسەرکارلادانی پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری.

لە کاردانەوەی ئەو پێشنیازەدا، رۆجەر ویکەر، سیناتۆری کۆماری و سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند "پێم وایە رێگەیەک هەیە بۆ دیموکراتەکان تا بۆچوونی خۆیان بگەیەنن بەبێ ئەوەی دەسەڵاتەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان سنووردار بکەن".

گفتوگۆکان هێشتا لە قۆناخە سەرەتاییەکاندان، لە کاتێکدا پرسیار لەبارەی سروشتی ئەو کۆتوبەندە چاوەڕوانکراوانە و ئەوەش لە ئارادایە کە ئایا دۆسیەی دیکە دەگرێتەوە، لەوانە دابینکردنی بودجەی جەنگی ئۆکرانیا دژی رووسیا. هەروەها هێشتا روون نییە ئایا کۆمارییەکان دەتوانن داواکارییەکانی دیموکراتەکان قبووڵ بکەن بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر توانای سوپای ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی هەبێت یان تووڕەیی ترەمپ بوروژێنن.

لە لایەکی دیکەوە، جۆن هۆڤن، سیناتۆری کۆماری کە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ دیموکراتەکان و کۆشکی سپی بەشدارە، ئاماژەی بەوە کرد، بوار بۆ دانوستان هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەر پێشنیازێک لای ئیدارەی ئەمریکا قبووڵکراو بێت و گوتی: "دەمانەوێت بگەینە رێککەوتن، دەمانەوێت لە پێگەیەکی بەهێزەوە کۆتایی بە ململانێکە بهێنین و پێویستمان بە دابینکردنی بودجەیە بۆ سوپا".

هەندێک لە ئەندامانی دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران هیواخوازن ترەمپ و سەرکردە کۆمارییەکان رازی بکەن بەوەی پێشنیازەکە بخەنە ناو پرۆژەیاسای بودجەی کاتییەوە کە بڕیارە مانگی داهاتوو بخرێتە ڕوو، هۆشدارییان داوە کە نەگەیشتن بە سازان لەوانەیە ببێتە هۆی داخستنی حکوومەت، لە کاتێکدا کۆمارییەکان هێشتا کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەسەڵاتیان لە واشنتن لە دەستدایە.

لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە کۆمارییەکان نیگەرانی خۆیان لە گۆڕانکاریی دووبارەی رەوتی دانوستانەکان دەربڕیوە و بەپێی ئەوەی تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە سەرچاوەکانی هەردوو پارتەکەوە گواستوویەتییەوە، هەڵوێستی توندی چاک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، سەبارەت بە راگرتنی بودجەی جەنگی ئێران بە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی 1ـی کانوونی یەکەمەوە دەبەستنەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا پەرۆشیی خۆیان بۆ دوورکەوتنەوە لە داخستنی حکوومەت نیشان داوە و ئاماژەیان بە ئەگەری دواخستنی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران بۆ ساڵی 2027 کردووە، لە کاتێکدا هەندێک لە کۆمارییەکان پێیان وایە پارتەکەیان بژاردەیەکی زۆری لەبەردەستدا نییە جگە لە گەیشتن بە رێککەوتن، بەهۆی نەبوونی دەنگی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەکە بە تەنیا.

هاوکات جۆش هاولی، سیناتۆری کۆماری، هەینی رابردوو کرانەوەی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی مامناوەند راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهێزکردنی بودجەی سەربازی ئەولەوییەتی سەرەکی کۆشکی سپییە، کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری چەندین مانگە لە پاشخانی جەنگی ئێراندا فشار دەخەنە سەر کۆنگرێس بۆ دابینکردنی پارەی زیادە.

جوڵەکانی وەزارەتی بەرگری پەیوەندیی راستەوخۆی وەزیری بەرگری، دانیشتنی داخراوی زانیاریپێدان و سەردانی بۆ هاوینەهەواری سەرۆکایەتیی کامپ دێیڤد لەخۆگرتبوو، بەڵام یاسادانەران و یاریدەدەرە کۆمارییەکان لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا رایانگەیاندووە کە بەرپرسانی پێنتاگۆن بەهۆی ئەوەی وەک پێشکەشکردنی زانیاریی چەواشەکارانە و دووبارە سەبارەت بە قەبارەی پارەی داواکراو و پێویستیی راستەقینە پێناسەیان کردووە، دەرفەتی خۆیان بۆ وەرگرتنی بودجەکە لاواز کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی گفتوگۆکان، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری چوار داواکاریی جیاوازیان بۆ بودجە ناردووە کە دوایین داواکارییان ئەم هەفتەیە بووە، ئەمەش وایکردووە یاسادانەران بە زەحمەت بتوانن ئەولەوییەتە هەرە بەپەلەکان دیاری بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، تیم کەین، سیناتۆری دیموکرات و ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، رایگەیاند کە فرەیی داواکارییەکانی بودجە ئەو راستییە ناگۆڕێت کە ئەوانە داواکاریی دارایین و دەکرێت لە یەک ژمارەدا کۆبکرێنەوە، هاوکات ناڕەزایی خۆی بەرامبەر دابەشکردنیان بۆ پۆلە جیاوازەکان دەربڕی.

کەین ئاماژەی بەوەش دا، دیموکراتەکان دژی سەرجەم داواکارییەکانی پێنتاگۆن نین، بەڵام پێی وانییە زۆربەیان بەپەلە بن و گوتی: "زۆربەی ئەوەی داوای دەکەن گرنگ و پێویستە، بەڵام تا سبەی پێویست نییە"، و تەرخانکردنی پارەی بۆ گۆڕینی تەقەمەنی وەک نموونە هێنایەوە کە رەنگە دەستکەوتنیان کاتێکی زۆری بوێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لەو ئەولەوییەتانەی لە چوارچێوەی داواکارییە 350 ملیار دۆلارییەکەدا هاتوون پێویستن و رەنگە دیموکراتەکان کرانەوەیان بەرامبەر بنوێنن.

بەپێی راپۆرتەکەی "سی ئێن ئێن"، ئیدارەی ترەمپ لە رۆژانی رابردوودا پاساو و بەڵگەی زیاتری پێشکەش کردووە بۆ رازیکردنی یاسادانەران بە پێویستیی بودجەکە؛ لەم هەفتەیەدا ئەندامانی کۆماریی ئەنجوومەنی پیران لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا گوێیان لە خستنەڕوویەکی ستیڤ فاینبێرگ، جێگری وەزیری بەرگری گرتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هەمان خستنەڕوو پێشکەشی ئەندامانی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بکات.

ئەم دانوستانانە بەریەککەوتنی ناکۆکییەکانی سەر جەنگی دژی ئێران و ململانێی دابینکردنی بودجەی دامەزراوەی سەربازی دەردەخەن؛ کۆشکی سپی هەوڵی مسۆگەرکردنی ئەو سەرچاوە داراییانە دەدات کە پێنتاگۆن داوایان دەکات، لە کاتێکدا دیموکراتەکان رەزامەندیی خۆیان بۆ بودجەکە بە سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر بڕیارە سەربازییەکانی سەرۆکەوە دەبەستنەوە، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بەوەی چەقبەستوویی رێککەوتنەکە ببێتە هۆی قەیرانی بودجە و داخستنێکی نوێی حکوومەت.