ئازاد بەدران ئەلبوومی نوێی 'ڤەگەڕین'ی بڵاوکردەوە

ئازاد بەدران، هونەرمەندیی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین ئەلبوومی خۆی بەناوی "ڤەگەڕین"، کە لە شەش گۆرانی پێکهاتووە، لە سەرجەم پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بڵاوکردەوە.

دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، ئازاد بەدران، هونەرمەندیی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "سەرجەم شەش گۆرانییەکەی نێو ئەلبوومەکەم ڤیدیۆ کلیپیان بۆ کراوە و دواهەمین کلیپیشیان بە ناوی "گوڵپەرییا زۆزانا" بووە، کە لە وڵاتی رووسیا کاری وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجام دراوە."

​سەبارەت بە لایەنی هونەری و تەکنیکیی ئەلبوومەکە، ئازاد بەدران گوتی، "پڕۆژەکە بەرهەمی کارێکی بەکۆمەڵە، بەشێک لە ئاوازەکان خۆم دامناوە و بەشەکەی دیکەشیان لەلایەن مامۆستا سەدران و بێریڤان زینزاڵەوە ئامادە کراون و تێکستی گۆرانییەکانیان نووسیوە."

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا، "کاری دابەشکردنی موزیکی ئەلبوومەکە لەلایەن هونەرمەند سەرکان تانکەوە جێبەجێ کراوە و دەرهێنانی ڤیدیۆ کلیپی "گوڵپەرییا زۆزانا" لەلایەن دەرهێنەرێکی رووسییەوە بۆی کراوە، هاوکات دەرهێنەر ئۆزان کزڵکار کاری دەرهێنانی بۆ بەشێک لە کلیپەکانی دیکە کردووە."

ئازاد بەدران، هونەرمەندی گۆرانیێژی کورد، لەساڵی 1993 لە سێوەرەکی باکووری کوردستان لەدایکبووە. هونەرمەند، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرێکی دیاری کوردە کە بە تێکەڵکردنی موزیکی فۆلکلۆری کوردی لەگەڵ شێوازە هاوچەرخەکان ناسراوە. ناوبراو لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە ناوەندی کولتووری دیجلە فورات فێری ژەنینی باغلەمە و گۆرانیگوتن بووە. پاشان لە گرووپی منداڵانی کۆما گولیلکێن مە و کۆما نوجیان بەشدار بووە. ئەو بە شێوەزارەکانی کورمانجی و زازاکی گۆرانی دەڵێت و ئامێری گیتار و باغلەمە دەژەنێت. بەرهەمەکانی لە نێوان موزیکی رەسەن و هاوچەرخدا دەجوڵێنەوە.