ئێران حەوت خاڵ دەکاتە مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، تاران بەبێ جێبەجێکردنی حەوفت مەرجەکەی بەشداری لە هیچ دانوستاندنێکدا ناکات، هاوکات فەرماندەی سوپای ئێرانیش هەڕەشەی بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز و توندکردنەوەی رێکارەکانی دەریاوانی دەکات.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی رەتیدەکاتەوە بچێتە ناو هیچ پرۆسەیەکی دانوستاندن یان هەنگاوێکەوە بەر لە جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی، بێ ئەوەی هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان بکات. هەروەها هۆشداریشی دا کە هەر هەڵەیەک لەلایەن نەیارانی تارانەوە بکرێت، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە رووبەڕووی دەبنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لیوا ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناکرێتەوە تاوەکو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژ بە رۆژ داخستنی گەرووەکە توندتر دەبێت و رێکارەکانی سەر هاتوچۆی دەریایی زیاتر دەکرێن.
مەرجەکانی ئێران چین؟
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو مەرجانەی دراونەتە پاڵ ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز بریتین لە:
1- راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە.
2- هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی.
3- لابردنی سزا ئابوورییەکان.
4- ئازادکردنی سەرجەم پارە و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران.
5- کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەوروبەری ئێران.
6- پێدانی قەرەبوو بەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە بەر ئێران کەوتوون.
7- راگرتنی سەرجەم هەڕەشەکان.
ئەم لێدوان و هەڵوێستانەی بەرپرسانی باڵای ئێران لە کاتێکدان، هەوڵەکانی نێوەندگیریی قەتەر لە واشنتن بەردەوامن بۆ زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسیی نێوان ئەمەریکا و ئێران.