دانەر عەبدولغەفار: بڕیارەکانی بەغدا لەبارەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان سەرلەبەر پێچەوانەی دەستوورن
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی ئەمڕۆی حکوومەتی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان سەرلەبەر پێچەوانەی دەستوورن و ناکرێت بۆ هەر کێشەیەک بیر لە جووڵاندنی هێز و سوپا لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور بکرێتەوە؛ جەختیش دەکاتەوە کە تا ئێستاش عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و "من دەوڵەتم" لە بەغدا زاڵە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە بەغدا دراون سەرلەبەریان پێچەوانەی دەستوورن، تەنانەت ئەگەر بیانووی قاچاخچێتیی نەوتیشیان هەبێت."
دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بە عەقڵییەتی دەوڵەت مامەڵە دەکەین و هەمیشە ویستوومانە بە عەقڵییەتی دامەزراوە، دەوڵەت، دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ بەغدا و حکوومەتی فیدراڵدا بکرێت، بۆیە ناکرێت بۆ هەر کێشەیەک ئەو عەقڵییەتە دیسان بێتەوە پێشەوە و بیر لە هێز و جووڵاندنی سوپا لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور بکاتەوە."
دەربارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکان و دۆسیەی نەوت، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و دەستوور پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای دیاری کردووە؛ لەوبارەیەوە گوتی، "لە پرسی نەوتدا، بڕیارەکەی ئەمڕۆ گوایە دەبێت حکوومەتی فیدراڵ دەست بەسەر بیرە نەوتەکاندا بگرێت و خۆی ئیدارەیان بدات، پێچەوانەی ماددەی 112ـی دەستوورە و دەچێتە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە حەسریانەشی کە لە ماددەی 110ـی دەستووردا هاتوون؛ چونکە ئیدارەدانی نەوت دەسەڵاتێکی حەسریی حکوومەتی فیدراڵ نییە، بەڵکو بەپێی ماددەی 112 (أ و ب) دەسەڵاتێکی هاوبەشە لە نێوان حکوومەتی هەرێم، پارێزگاکان و حکوومەتی فیدراڵدا."
روونیشیکردەوە، ئەگەر هەر کێشەیەک لەسەر ئەو ماددە دەستوورییە هەبێت، دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و کورد هەمیشە داوای دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیە.
لەبارەی داواکارییەکەی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دانەر عەبدولغەفار گوتی، "بێگومان ئەم هەنگاوەش پێچەوانەی دەستوورە، چونکە ئیدارەدانی گومرگەکان بە هەمان شێوە دەچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ؛ حکوومەتی فیدراڵ بۆی هەیە نەخشەی سیاسەتی گشتی دابنێت، بەڵام بۆی نییە بە تەنها ئیدارەی گومرگەکان بدات."
لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش بەرامبەر کابینەی ئێستای عێراق، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستە ڕوو، "لە سەرەتای دروستبوونی حکوومەتی بەڕێز عەلی زەیدی، هەم جەنابی سەرۆک، هەم حکوومەتی هەرێم و هەموو حزبە کوردستانییەکانی دیکەش پاڵپشتی و پشتگەرمییەکی گەورەیان بۆ حکوومەتەکەی عەلی زەیدی پەیدا کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بارودۆخی عێراق لە رووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە لە دۆخێکی خراپدایە." گوتیشی، لە ماوەی رابردووشدا لە پرسی سنوورەکان، سیستەمی (ئەسیکۆدا) و هەموو کێشەکانی دیکەدا، حکوومەتی هەرێم نەرمی نیشان داوە و نیەتێکی پاک و راستگۆیانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبووە.
دانەر عەبدولغەفار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پێگەی مێژوویی کورد لە عێراق کرد و رایگەیاند، "لە کەس شاراوە نییە ئێمە هەر لە سەرەتای بنیاتنانەوەی عێراقەوە وەک کورد رۆڵی بنیاتیمان هەبووە و ئەگەر کورد بەشدار نەبووایە ئەو عێراقەی ئێستا هەیە دروست نەدەبوو؛ ئێمە لە کاتێکدا بە دیفاکتۆ حوکم و دەوڵەتێکی خۆمان هەبوو، بە نیازپاکییەوە گەڕاینەوە و خەڵکی کوردستانیش بڕیاری داوە لە نێو دەوڵەتێکی فیدراڵیدا لەگەڵ هاوبەشەکان و نەتەوەکانی دیکەی عێراق بژی."
ئاماژەی بەوەش کرد، فیدراڵیەت لە پێناسە سەرەتاییەکەیدا بریتییە لە دابەشکردنی سەروەت و سامان و دەسەڵات، وەک چۆن لە ئەمریکا بەهۆی جێگیربوونی بنەماکانی فیدراڵی و پارێزەریی دەستوورەوە وڵاتێکی بەهێز دروست بووە، "بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش عەقڵییەتی (من دەوڵەتم) و ئەوەی کە (من چی دەڵێم دەوڵەت ئەوە دەڵێت)، هێشتا بەردەوامە و زاڵە."
جەختیشی کردەوە، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی بەغدا وەک لە پەیامەکەی سەرۆک و پەیامەکانی دیکەشدا هاتووە، یادەوەرییە ناخۆشەکان دەهێننەوە پێشەوە، کە "هەر کاتێک دەسەڵات لە عێراق هەست دەکات دەرفەتێک دێتە پێش، دەیقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دیسان عەقڵییەتی مەرکەزییەت و سەنتەرگەرایی بچەسپێنێتەوە."