ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە هەیە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوایان لێ دەکات لە بەرامبەر هەڵکشانی هەڕەشە چەکدارییەکانی ئێران و حووسییەکان وریا بن، هاوکات ئامادەکاری بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی کایەی ئاسمانی بکەن.

 بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانییەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راگەیەنراوێکی هۆشداریی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە. 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی هێرشە چەکدارییەکانی گرووپی حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و هەوڵەکانی تاران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسان و دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی زیاتر چاوکراوە و وریا بن.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیشی کردەوە، پێشهات و پێکدادانەکان "ئەگەری هەیە بە خێرایی پەرە بسێنن" و رەنگە ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی، داخستنی کایەی ئاسمانی و دروستبوونی ئاستەنگ و پشێویی دیکە لە جووڵەی گەشتکردن و هاتوچۆدا. 

لە کۆتایی هۆشدارییەکەدا داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە بەردەوام بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی دۆخی ئاسایش و ئاگادارکردنەوەکانی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بکەن، پێش چوونیان بۆ فڕۆکەخانەکان دۆخی گەشتەکانیان راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بپشکنن و پلانی جێگرەوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە کات یان رێڕەوی گەشتەکانیاندا دابنێن.

لە پێشهاتێکی هاوکاتدا، دوێنێ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، هێرشەکانی حوسییەکانی بۆ سەر ژێرخانی سڤیل و وزەی سعوودیە سەرکۆنە کرد. هەردوولا پێداگرییان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و گەرووی بابولمەندەب کردەوە.

ئەم هۆشدارییەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، لە هێرشێکدا بۆ سەر تاوەرێکی ناوەندی دارایی شا عەبدوڵڵا لە ریازی پایتەختی سعوودیە، 11 کەس بریندار بوون؛ کە دوو هاووڵاتیی سعوودی، دوو هیندی، سێ نیپاڵی و چوار میسری بوون. ئەوە دووەمین هێرش بوو بۆ سەر هەمان تاوەر لە ماوەی چەند رۆژێکدا، دوای ئەوەی لە 19ی تشرینی دووەمدا پێکرابوو و پێشتریش لە 8ی تشرینی دووەمدا تاوەرێکی کۆمپانیای ئارامکۆ لە هەمان ناوچەدا کرابووە ئامانج.

لە رۆژانی رابردووشدا، گرژییەکانی کەنداو پەرەسەندنی زیاتریان بەخۆیانەوە بینی؛ ئێران چەند هێرشێکی کردە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت و حووسییەکانیش هێرشیان کردە سەر پاڵاوگە و پێگە هەستیارەکانی سعوودیە.