خانزاد ئەحمەد: دەسەڵاتدارانی بەغدا سەردەمی بەعسمان بیر دەخەنەوە
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان رایدەگەیەنێت، پەیامی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ رەتکردنەوەی هەر جۆرە سازشکردنێکە لەسەر دەستکەوتەکانی کوردستان و داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەکات لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا سازش لەسەر بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نەوتی باکوور نەکەن.
پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، خانزاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، لە میانەی بەشداریکردنی لە رووماڵی تایبەتی کوردستان24 سەبارەت بە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بە درێژایی مێژووی کوردستان، ئافرەتان هەمیشە رۆڵێکی باڵا و کاریگەریان هەبووە، نەک تەنیا لە ئاستی بەشداریکردندا، بەڵکوو لە ئاستی سەرکردایەتیکردنیشدا.
سەبارەت بە ئامانجی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان، خانزاد گوتی: "پەیامی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی سەرتاسەری کوردستان ئەوەیە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر هیچ دەستکەوتێکی کوردستان بکەین. ئێمە پێشتر زۆر سازشمان کرد تەنیا لە پێناو ئەوەی ئەو پرۆسە سیاسییەی لە عێراق هەیە لەناونەچێت، بەڵام کەرکووک و بەشێک لە دیالە و نەینەوامان لەدەستدا و چیتر قبووڵ ناکەین یەک زەڕە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە."
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان رەخنەی توندی لە سیاسەتی حکوومەتی فیدراڵ گرت و ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2005 دەستووری عێراق بە هاوبەشی نووسرایەوە لەسەر بنەمای سیستەمێکی فرەنەتەوەیی و دوور لە مەرکەزییەت، بەڵام ئێستا سەرانی بەغدا مەرکەزییەتێکی زۆر خراپ جێبەجێ دەکەن کە سەردەمی رژێمی پێشوومان بیر دەخاتەوە و مرۆڤ هەست ناکات لە وڵاتێکی فیدراڵیدا دەژی.
هاوکات داواشی لە سەرکردە سیاسییەکانی کورد کرد لە کاتی دانوستاندنەکاندا هەڵوێستێکی توند و نەگۆڕیان هەبێت و گوتی: "تکا لە هەموو سەرکردەکانی کورد دەکەم کە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دادەنیشن، بە هیچ شێوەیەک سازش لەوە نەکەن کە دەبێت کۆمپانیای نەوتی باکوور لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە ببردرێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا خانزاد ئەحمەد شێوازی خۆپیشاندانەکانی بە "زۆر شارستانی" وەسف کرد و جەختی کردەوە، باشترین رێگەچارە گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە مەرجێک دەستوور و بەتایبەت ماددەی 140 بکرێنە بنەما، چونکە وەک ئەو ئاماژەی پێدا، بەغدا تەنیا بڕوای بەو بڕگە یاساییانە هەیە کە لە بەرژەوەندیی خۆیدان، ئەگەرنا جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی، هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای چارەسەر دەکرد.