عەممار حەکیم: گفتوگۆ و پەنابردن بۆ دەستوور رێڕەوی بنەڕەتین بۆ چارەکردنی کێشەکان

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، دووپاتی کردەوە، گفتوگۆ، پەنابردن بۆ دەستوور و خستنەپێشی بەرژەوەندیی نیشتمانی رێڕەوی بنەڕەتین بۆ چارەکردنی سەرجەم ناکۆکییەکان، بە جۆرێک کە یەکێتیی عێراق و مافی هەموو ڕۆڵەکانی لە کوردستانەوە تا باشوور بپارێزێت.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، پێشوازی لە دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانی کرد کە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بانگەوازی بۆ کردووە و، ئامانج لێی دانانی چارەیە بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆ، پەنابردن بۆ دەستوور و خستنەپێشی بەرژەوەندیی نیشتمانی ڕێڕەوی بنەڕەتین بۆ چارەکردنی سەرجەم ناکۆکییەکان، بە جۆرێک کە یەکێتیی عێراق و مافی سەرجەم رۆڵەکانی لە کوردستانەوە تا باشوور بپارێزێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، لێکتێگەیشتن، سازان و هاوبەشیی نیشتمانی تاکە رێگەچارەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری.