خۆپێشاندانەکانی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی فراوانی لە میدیاکانی تورکیادا هەبوو
ئەو خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییانەی لە چەندین شاری هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە هەولێر، دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی عێراق بەڕێوەچوون، لە میدیاکانی تورکیادا بایەخێکی فراوانی پێ درا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وەک میللـییەت (Milliyet)، ئیندیپێندێنتی تورکی (Independent Türkçe)، ئێنسۆن هەبەر (Ensonhaber)، هەبەرلەر (Haberler)، هەیهەبەر (HeyHaber) و ئیلکها (İLKHA)، لە هەواڵەکانیاندا کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە ئاژانسی ئەنادۆڵۆ (AA) و سەرچاوە ناوخۆییەکان بەستبوو، تیشکیان خستە سەر کاردانەوەی سەر شەقام و پاشخانی قەیرانەکە.
زۆربەی ماڵپەڕە هەواڵییەکانی تورکیا خۆپێشاندانەکانیان لە رێگەی ئەو زانیارییە هاوبەشانەوە گواستەوە کە ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاوی کردبوونەوە. لە هەواڵەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو بڕیارانەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە 24ـی تشرینی دووەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتیی نەوت لە سەرانسەری وڵاتدا داونی، کاردانەوەی شەقامی لێ کەوتووەتەوە.
رۆژنامەی "میللـییەت" لە هەواڵێکدا بە ناونیشانی «هەولێر لەسەر پێیە: بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لە مەیدانەکاندا "پرۆتێستۆ کران"، بڵاوی کردەوە کە لەسەر بانگەوازی پارێزگای هەولێر هەزاران کەس لە دەوروبەری قەڵای مێژوویی هەولێر کۆبوونەتەوە.
هەردوو ماڵپەڕی "هەبەرلەر" و "هەیهەبەر" نووسیویانە لەو چالاکییانەدا کە قوتابیان، مامۆستایان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (STK) تێیدا بەشدار بوون، ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕینی مووچەی ساڵانی رابردوو و بڕیارە ئابووری و سیاسییەکانیش دەربڕدراوە.
هاوکات "هەیهەبەر" سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە جەماوەرەکە گۆڕەپانی بەردەم تاوەری کاتژمێرەکەیان پڕ کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "ئێنسۆن هەبەر" تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە خۆپێشاندانەکان دوای ئەوە بەڕێوەچوون کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەسەڵاتە ناوەندییەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی لە دەروازە سنوورییەکان و چالاکییەکانی نەوت و گازی سروشتیدا پەسەند کردووە.
ماڵپەڕی "ئیندیپێندێنتی تورکی"ـیش ئاماژەی بەوە داوە کە کاردانەوەکان پارێزگای دهۆک و زاخۆشیان گرتووەتەوە و باسی لەو گردبوونەوەیەی بەردەم زانکۆی دهۆک و خۆپێشاندانەکانی زاخۆ کردووە.
ئاژانسی "ئیلکها" کە بە پێچەوانەی دەزگاکانی دیکەوە دەستەواژەی "هەرێمی کوردستان"ـی بەکارهێناوە، بڵاوی کردووەتەوە کە دەیان هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدار بوون و بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان چالاکییەکان بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچوون.
ئیلکها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەشدارییەکی فراوان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە، هەر لە هونەرمەندانەوە تاوەکو کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت؛ هاوکات ئاشکرای کردووە کە جگە لە هەولێر، دهۆک و زاخۆ، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانیش
خۆپێشاندانی پشتیوانی بەڕێوەچووە و لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بانگەوازی گردبوونەوەی جەماوەری کراوە.