هاووڵاتییانی قامشلۆ: کوردستان هێڵی سوورە و هەموومان دەبینە پێشمەرگە
بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەک، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری لە شاری قامشلۆ و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو؛ بەشداربووانیش جەخت دەکەنەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بە گیان و خوێن بەرگریی لێ دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر بانگەوازی چالاکوانانی کورد، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە شاری قامشلۆ بەڕێوە چوو، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی سێ رۆژی رابردوو لە حەسەکە، گرکێ لەگێ و تەواوی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان.
لە قامشلۆ، جەماوەرێکی زۆر لە چین و توێژە جیاوازەکان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی دروشمی "هەموومان پێشمەرگەین"، دژی ئەو بڕیار و هەڕەشانەی لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێن گرد بوونەوە.
خۆپیشاندەرانی قامشلۆ لە لێدوانەکانیاندا بۆ کوردستان24، پەیامی توندیان ئاراستەی نەیارانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای یەکڕیزیی ناوخۆیی کوردیان کرد.
چالاکوانێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە رایگەیاند: "وەک کۆمەڵێک چالاکوانی کورد لە قامشلۆ هاتووینەتە سەر شەقام تا بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵێین خەڵکی رۆژئاوا بە هەموو گیانیانەوە لە پشتتانن." رووی لە حکوومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ئەو بیانووانەی دەهێنرێنەوە نادەستوورین؛ ئەگەر گرفتی سیاسی هەیە دەبێت لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن نەک بە هەڕەشەی چەک و هێرشکردنە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتووە. وەک چۆن لە دەستپێکی ساڵی 2026دا کوردانی هەموو پارچەکان پشتیوانیی رۆژئاوایان کرد، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە بەرگری لە هەرێمی کوردستان دەکەین."
هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربوو بە دەنگێکی بەرز گوتی: "ئێمە پێشمەرگەین؛ گەنج و ژن و منداڵانی قامشلۆ ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی ئەو خاکە پیرۆزەی بە خوێنی شەهیدان ئاوەدان کراوەتەوە. تەنیا رێگە و سنوورمان بۆ بکەنەوە، ئێمە ئامادەین بێین بەرگری لە خاکی کوردستان بکەین." جەختیشی کردەوە: "ئێمە کوردین و هەرگیز نابێت باوەڕ بە دوژمن بکەین."
خانمێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە بە جۆش و خرۆشەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە پشتیوانی لە کوردستان و سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. پەیاممان بۆ دوژمنانی کوردستان ئەوەیە کە کوردستان هێڵی سوورە، ماڵی بارزانی هێڵی سوورە و ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر ناترسین و ئامادەین بۆ بەرگری. ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکین؛ ئەمڕۆ 80 ملیۆن کورد بارزانییە و 80 ملیۆن کورد پێشمەرگەیە."
پیاوێکی بەتەمەنیش بە سۆزێکی نیشتمانییەوە گوتی: "لە قامشلۆی خۆشەویستییەوە تا هەڵەبجە، کوردستان یەک پارچەیە نەک چوار پارچە. ئەمڕۆ هەموو خەڵکی رۆژئاوا، لە منداڵ و گەنجەوە تا پیروپەککەوتە، لەسەر پێین و ئامادەین بەرگری لە باشووری کوردستان بکەین." خانمێکی گەنجیش لەپاڵ ئەواندا نزای پاراستنی کوردستان و ماڵی بارزانیی کرد.
ئەم خۆپیشاندانانە تەنیا هی ئەمڕۆ نین و تا ئەو کاتەی هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان بمێنن، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبن لە دەربڕینی پشتیوانی و دووپاتی دەکەنەوە کە باشوور بە تەنیا نییە و قامشلۆ لەگەڵ هەولێر دەمێنێتەوە.