سیستەمی هەوریی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هاککرا

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژمارەیەک هاککەر توانیویانە دەست بەسەر پلاتفۆرمی سەرەکیی هەوریی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە ناوی کلاود وان دا بگرن. ئەو پێشێلکارییە ئەمنییە مەترسیی لەسەر ژمارەیەکی زۆری داتای هەستیاری تایبەت بە ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکان، کاروباری کارمەندان و لۆجیستیک دروست کردووە.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، سێ سەرچاوەی ئاگادار بە رۆیتەرزیان گوتووە، ئەم پێشهاتە دەتوانێت زیانی گەورە بە داتاکان بگەیەنێت. دوو لەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، دەستبەسەرداگرتنی پلاتفۆرمی کلاود وان مانگی رابردوو لە کاتی بەرزکردنەوەی سیستەمەکەدا دەرکەوتووە و ئەم دۆزینەوەیەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پلاتفۆرمەکە.

رۆیتەرز نەیتوانیوە ناسنامەی هاککەرەکان یان قەبارەی تەواوی زیانەکان دەستنیشان بکات. هەروەها دیار نییە ئایا هیچ زانیارییەک دزەی پێکراوە یان نا. هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بۆ رۆیتەرز رایگەیاند: "ئێمە لێدوان لەسەر دۆخی ئەمنی، لاوازییەکان یان دۆخی کارکردنی تۆڕ و سیستەمە دیاریکراوەکان نادەین. ئێمە بەردەوام رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی زانیارییەکانی هێزی ئاسمانی و سیستەم و تواناکانیان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا".

پڕۆژەی کلاود وان کە لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد، ئامانج لێی بووە ببێتە ناوەندێکی گشتگیر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزی ئاسمانی لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا. ئەو پلاتفۆرمە سەرچاوەی چوار کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، ئەمەزۆن، ئۆراکڵ و ئەلفابت کۆدەکاتەوە بۆ بەڕێوەبردنی دەیان ئەپڵیکەیشن، وەک ئەوانەی تایبەتن بە داتای کارمەندان، مووچە، کاروباری لۆجیستیک و چاککردن.

پڕۆژەکە هەروەها سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی هەوریی هێزی ئاسمانی دەگرێتەوە، کە زانیارییەکانی راداری بەرگریی ئاسمانی و سەرچاوەکانی دیکەی زانیاری لە سەرانسەری ئەمریکای باکوور کۆدەکاتەوە. هاوکات سیستەمی یەکگرتووی تەقەمەنیی جەنگی بۆ مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکان لەخۆ دەگرێت، کە چاودێریی بۆمب و مووشەکەکان لە زیاتر لە 200 بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.

کۆمپانیای سایک تا ساڵی 2025 وەبەرهێنەری سەرەکیی کلاود وان بوو، کاتێک کۆمپانیای لیدۆس بەرپرسیارێتیی پڕۆژەکەی لە ئەستۆ گرت. سایک وەڵامی داواکاریی رۆیتەرزی بۆ لێدوان نەدایەوە، لە کاتێکدا لیدۆس پرسیارەکانی ئاراستەی هێزی ئاسمانی کردەوە.

دوو لە سەرچاوەکان رایانگەیاندووە،، کلاود وان لەنێو گەورەترین پلاتفۆرمە هەورییەکانی سوپای ئەمریکادایە. یەکێک لە سەرچاوەکان لەبارەی مەترسییەکانی ئەم رووداوە گوتی: "هەر دەستبەسەرداگرتنێک لەم پلاتفۆرمەدا بە بابەتێکی زۆر مەترسیدار دادەنرێت".