ئێران هۆشداری بە عێراق دەدات لەسەر داخستنی دەروازە سنوورییەکان
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە نوێنەرایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە تاران. سەردانەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەم سەردانەی قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق چەند رێوشوێنێکی ئەمنیی گرتووەتەبەر خۆی لە داخستنی دەروازە سنوورییە وشکانییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئێران دەبینێتەوە، تەنیا دوو دەروازەی هێشتووەتەوە. رێوشوێنەکە ناڕەزایەتیی تارانی لێکەوتووەتەوە.
لەو بارەیەوە محەمەد موخبیر، راوێژکار و یاریدەدەری عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد لە پرسی سنوورەکاندا وریابێت. موخبیر هۆشداریشی داوەتە، بەغدا نەبن بە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
موخبیر لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس لە کاردانەوە بەرامبەر بەو رێوشوێنانەی حکوومەتی عێراق نووسیویەتی: "یەکێتیی چارەنووس لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بنەمایەکی سەرەکییە لە سیاسەتی دەرەوەدا".
موخبیر گوتیشی: "ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە لە کاتی سەختترین دۆخەکاندا لە تەنیشت گەلی عێراق وەستاوە و دۆستایەتیی خۆی سەلماندووە". ئەو بەرپرسە ئێرانییە روونیکردەوە، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات ئەوە دەخوازێت بەغدا لە پرسی سنوورەکاندا وریابن، بۆ ئەوەی نەبنە ئامرازێک بە دەست دوژمنان و وەڵامی سیاسەتەکانی ترەمپ بدەنەوە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەینیی رابردوو پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی لەپێناو سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری وڵات و راگرتنی پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق.
ترەمپ لە سەکۆی "تروس سوشال" جەختیکردەوە: "پشتیوانیی هەوڵەکانی زەیدی دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، کۆنترۆڵکردنی رەهای دەوڵەت بۆ هەموو چەکەکان، هەروەها بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، گەشەسەندوو و بەهێز بڕیارە سیاسییەکانی خۆی بە سەربەخۆیی وەربگرێت".