ئەمڕۆ لە هەولێر بڕیار لەسەر پشووی رۆژی سێشەممە دەدرێت
بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەو شەپۆلە بارانبارینەی روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی پشوو بۆ رۆژی سێشەممە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر کۆبوونەوەیەک دەکرێت.
ئەمرۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە بارانبارین دەستپێدەکات و رۆژی سێشەممە شەپۆلەکە زیاد دەکات. وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو شەپۆلە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە قایمقامییەت کۆدەبینەوە تا بڕیار لەسەر ئەوە بدەین ئایا رۆژی سێشەممە بکرێتە پشوو یاخود نا."
قایمقامی ناوەندیی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و قوتابییان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و گوتی "هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و قوتابییاندا بێت ئەولەوییەتی پێ دەدەین؛ ئەگەر بزانین رۆژی سێشەممە مەترسی و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، بێگومان پشووی فەرمی رادەگەیەنین."
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، پێشتر فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی یەک هەفتەیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت رۆژی سێشەممە چەقی شەپۆلەکە بێت و زۆرترین بڕی باران ببارێت.
هاوکات بەرێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، شەپۆلێکی بارانبارین ئەمرۆ یەکشەممە روو لە هەرێمی کوردستان بکات و کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.