هۆشیار سیوەیلی: هەرێمی کوردستان قبووڵی نییە هێز بۆ سەر سنوورەکانی بنێردرێت
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرسی ناردنی هێز بۆ سەر سنوورەکان بە هەموو شێوەیەک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەتدەکرێتەوە و جەختیش دەکاتەوە کە دەکرێت ئەم قەیرانە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا.
یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ـی کوردستان24 رایگەیاند، بەشێک لەو قەیرانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا سەریهەڵداوە پەیوەندیی بە دەروازە سنوورییەکان و سنوورەکانەوە هەیە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ تورکیا و ئێران، بۆیە ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیدارن بەو قەیرانەی ئێستا سەریهەڵداوە.
سیوەیلی گوتیشی: "ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەو کێشەیە روون دەکاتەوە و داکۆکی لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، بەتایبەتی ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە سنوور و شێوەی رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانەوە هەیە."
سەبارەت بە هەڵوێستی تاران، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئاماژەی بەوە دا کە لایەنی ئێرانی ئەو رووداوانەی لە عێراق دەگوزەرێن و پشتگیریی ترەمپ بۆ ئەو هەنگاوانە، بە بەشێک لەو ئابڵووقە وشکانی و ئاوییە دەبینن کە ئێستا خراوەتە سەر وڵاتەکەیان. هەروەها روونیشی کردەوە کە ئەوەی حکوومەتی عێراق بەنیاز بوو لە جرف سەخر ئەنجامی بدات و نەیکرد، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران کاریگەریی زۆری بەسەر حکوومەتی عێراقەوە هەیە و نەرمیی زۆری نواند لەو دۆسیەیەدا.
لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، هۆشیار سیوەیلی جەختی کردەوە کە رێوشوێن هەیە بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و دەکرێت لە رێگەی ئامێر و تەکنەلۆژیای نوێوە ئەو کارە بکرێت، بەڵام گوتی: "دڵنیام یەکێک لەو بابەتانەی رۆژی سێشەممە باس دەکرێت، مەسەلەی ناردنی هێزە بۆ سەر سنوورەکان، کە ئەمە بە هەموو شێوەیەک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەت دەکرێتەوە."
ناوبراو ئاماژەی بە رەگوڕیشەی کێشەکان کرد و رایگەیاند، ئەو کێشەیەی ئێستای عێراق لە ویلایەتی دووەمی نووری مالیکییەوە سەریهەڵداوە؛ حکوومەتی عێراق دەیەوێت ناوەند لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و فیدراڵیزم لاواز بکات، تەنانەت لە سەردەمی مالیکیدا کار گەیشتە جووڵاندنی سوپا دژی هەرێم و حکوومەتەکانی دوای ئەویش دەستووریان جێبەجێ نەکردووە، جگە لەو ماددانەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندان.
هۆشیار سیوەیلی دووپاتی کردەوە کە دەکرێت ئەم قەیرانە لەسەر دوو ئاست بکرێتە دەرفەتێک بۆ هەرێمی کوردستان؛ یەکەمیان کرانەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی سلێمانی، دووەمیشیان ئەوەیە بکرێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی.