کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بۆ کوردستان24: چاودێریی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین

کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە وەڵامێکدا بۆ ماڵپەری کوردستان24 ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەڵمانیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوبەشەکانی  عێراقی فیدڕال و هەرێمی کوردستان هەیە و بە وردی چاودێریی پێشهاتە سیاسییە ناوخۆییەکانی عێراق دەکات، هاوکات دووپاتی کردەوە کە چارەسەرکردنی پرسە ناوخۆییەکان ئەرکی لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکانی سەر گۆڕەپانەکەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، جوولی هولسێمان، کونسوڵی کاروباری سیاسی، ئابووری و رۆژنامەوانی لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر بە ماڵپەری کوردستان24ی گوتی: حکوومەتی ئەڵمانیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوبەشەکانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان هەیە و بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێریی پێشهاتە سیاسییە ناوخۆییەکانی عێراق دەکات.

لە وەڵامەکەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیادا هاتووە: پابەندبوونی ئەڵمانیا ئامانجی مسۆگەرکردن و پشتیوانیکردنی زیاتری پێشکەوتنە لە سەقامگیری و چاکسازییەکاندا لە سەرانسەری عێراقدا، تا ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیریی درێژخایەن، گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام و کۆمەڵگەیەکی ئاشتییانە و گشتگیر.

کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو: حکوومەتی ئەڵمانیا ڕێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت و پێی وایە چارەسەرکردنی کاروباری ناوخۆیی بەرپرسیارێتیی لایەنە سیاسییە خاوەن دەسەڵات و پەیوەندیدارەکانی سەر گۆڕەپانەکەیە.

ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا گرژیی تێ کەوتووە، لە دوای بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و راگرتنی کاتیی بەشە بەرهەمە نەوتییەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی سنووری دەسەڵاتی هەرێم و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە سنوورەکاندا.

لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارە تاکلایەنەکان و زمانی سەربازییان رەت کردەوە و داوای پابەندبوون بە دەستووریان کرد؛ 

هاوکات رۆژی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026 هەزاران هاووڵاتی لە بەردەم قەڵای هەولێر بۆ پشتگیریکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان کرد و ئامادەییش نیشان دراوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ نیشتمانییەکەی 1ـی کانوونی یەکەم بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.