لە بەغدا دەستبەسەر 26 کیلۆ ماریوانا دا داگیرا
21 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران
دوای شەش مانگ لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی ورد، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن و ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەری جۆری ماریوانای لە بەغدا هەڵوەشاندەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی 2026، بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانیان لە بەغدا توانیویانە تەواوی هێڵی گواستنەوەی ماددەکان ئاشکرا بکەن. ئەو هێڵە ماددەکانی بە شێوازی شاراوە و چەواشەکارانە دەهێنایە ناو خاکی عێراق و پاشان بۆ مەبەستی دابەشکردن لە پایتەختدا عەمباری دەکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە، تۆڕەکە بۆ شاردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان پەنای بۆ چەندین شێوازی شارەزایانە بردووە. ئەندامانی تۆڕەکە ماریوانایان لەناو کەلوپەل و مۆبیلیاتی ناوماڵدا دەشاردەوە و لە رێگەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی وشکانییەوە دەیانگواستەوە، دواتریش ماددەکانیان لە عەمبارەکاندا دادەنا بۆ ئەوەی بەسەر بازرگان و ساخکەرەوە ناوخۆییەکاندا دابەشی بکەن.
ئەم بەدواداچوونە بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی پێشوەختە گەیشتە ئامانج و تێیدا 21 تۆمەتبار دەستگیرکران کە دووانیان هەڵگری رەگەزنامەی بیانین. هاوکات دەست بەسەر 26 کیلۆگرام ماریوانادا گیرا و هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ئەو عەمبارانەی تۆڕەکە بۆ حەشاردانی ماددەکان بەکاریان دەهێنا.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختیکردەوە، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم تۆڕە، یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی بازرگانیکردن بە ماریوانا لە بەغدا بڕدراوە. سەرجەم تۆمەتباران و ماددە دەستبەسەرداگیراوەکان رەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.