ئیبراهیم عەزیزی: دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران پێویستیان بە چاکسازییە

پەرلەمانی ئێران: یاسای هەڵبژاردنی وەزیری هەواڵگری هەموار دەکرێتەوە

سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێویستە پێکهاتەی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نوێیەکان چاکسازییان تێدا بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە، دەبێت پێکهاتە، ئەرک و فەرمانەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و هەڕەشە نوێیەکان بگونجێنرێن، چونکە پێکهاتەی ئێستا وەڵامدەرەوەی سەرجەم پێداویستییە ئەمنییەکانی وڵات نییە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، سەرۆکی لێژنەکە لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی پەرلەماندا و لە میانەی تاوتوێکردنی گشتیی پڕۆژەیاسای بەپەلەی هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراندنی وەزارەتی هەواڵگری گوتی: "یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی لە بارودۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێویستمان پێیەتی، چاکسازیی پێکهاتە هەواڵگرییەکانی وڵاتە."

هەروا روونیکردەوە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێت رووبەڕووی هەڕەشە ئەمنییەکان و دیاردە نوێیەکان ببنەوە، پێکهاتە و ئەرکە هەنووکەییەکان وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی وڵات نابن، بۆیە چاکسازیی پێکهاتەی هەواڵگری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێت نوێنەران سەرنجی بۆ رابکێشن.

سەبارەت بە ناکارامەیی هەندێک لە یاسا کۆنەکانیش، عەزیزی روونیکردەوە، یاسای هەڵبژاردنی وەزیری هەواڵگری، کە لە ساڵی 1983 پەسەندکراوە، لەگەڵ بارودۆخ و پێداویستییەکانی ئەمڕۆی وڵاتدا ناگونجێت.

سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی گوتیشی: "ئەرکی پەرلەمان ئەوەیە یاسا ناکارامەکان هەموار بکاتەوە، چونکە یاسای ئێستا وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەمڕۆ نییە و بەربەستیشی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی وەزیری هەواڵگریدا دروستکردووە."

عەزیزی هاوکات جەختیکردەوە سەر پێویستیی بەتایبەتمەندکردنی تواناکانی وەزارەتی هەواڵگری و گوتی: "ناکرێت لە سەرۆکایەتیی وەزارەتێکی گەورە و کاریگەری وەک هەواڵگریدا، ئەزموون، پسپۆڕی، خوێندن و توانستە تایبەتەکانی کەسەکان پشتگوێ بخرێت و پێویستە ئەم بابەتە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی وەزیردا لەبەرچاو بگیرێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان دووپاتیکردەوە، یەکێک لە نیگەرانییە هەمیشەییەکانیان پابەندبوون بە بنەما شەرعی و یاساییەکان بووە لە کاتی داڕشتنی ئەو پڕۆژەیاسایەدا و دەبێت بەتەواوی رەچاو بکرێن.