داوا دەکرێت سێشەممە هاووڵاتییان تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست لە ماڵ بچنە دەرەوە
لە کاتێکدا شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە و ماوەدرێژ ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات، شارەزایانی کەشناسی و فەرمانگەکانی فریاکەوتن هۆشداریی دەدەن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە رۆژی سێشەممەدا، تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە و ماوەدرێژ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە مەترسیی دروستبوونی لافاو و پەککەوتنی ژیانی رۆژانەی لێ دەکرێت؛ هەر بۆیە شارەزایانی کەشناسی و فەرمانگەکانی فریاکەوتن زەنگی هۆشدارییان لێ داوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، بە تایبەت لە سێشەممەدا، تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، ئەم دۆخە نالەبارەی کەشوهەوا چەند رۆژێک دەخایەنێت و بەهۆی بەردەوامیی دابارینەوە، ئەگەری دروستبوونی لافاوی لەناکاو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرز دەبێتەوە.
بۆ پێشگرتن لە هەر مەترسییەک، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە
لەو چوارچێوەیەشدا لەسەر ئاستی سەرجەم شار و شارۆچکەکان هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو چڕ کراوەتەوە و تەواوی تیمە مەیدانییەکان خراونەتە ئامادەباشیی تەواوەوە، تاوەکوو رێگری لە زیانی گیانی و ماددی بکرێت.
لە لای خۆیەوە، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: شەپۆلێکی چڕی بارانبارین رۆژی سێشەممە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و مەترسی هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆندا دووبارە پێداچوونەوە بە تەواوی رێکارەکاندا دەکرێت و ئامادەکاریی تەواو ئەنجام دەدرێت.