عەرەبەکانی هەرێمی کوردستان: مافە دەستوورییەکانی کوردستان خێر و چاکە نین و پاراستنیان ئەرکە

میسال ئالوسی: بەئامانجگرتنی کوردستان هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

میسال جەمال ئالوسی و کۆمەڵێک لە عەرەبە نیشتەجێیەکانی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هەڵمەتی میدیایی و سیاسییان دژی هەرێمی کوردستان کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرکردایەتیی کوردستان لە پاراستنی دەستوور و مافە دەستوورییەکانی هەرێمدا دەربڕی.

یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، میسال جەمال ئالوسی سیاسەتمەنداری عێراق و کۆمەڵێک لە عەرەبە نیشتەجێیەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق؛ ئاسایشەکەی ئاسایشی عێراقە و شکۆکەشی شکۆی عێراقە، هەروەها بە توندی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییەیان لە میدیا و سیاسەتدا رەتکردووەتەوە کە کوردستان و گەلی کورد دەکاتە ئامانج و هەوڵی هەڵگیرساندنی ئاژاوەی نەتەوەیی و تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیان و برایەتیی عەرەب و کورد دەدات.

ئاماژەشیان داوە، بەئامانجگرتنی کوردستان تەنیا هێرش نییە بۆ سەر گەلی کورد، بەڵکوو هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، یەکڕیزی، سەقامگیری و ئاشتیی ناوخۆیی عێراق، و هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەموو عێراقییەکان عەرەب، کورد، تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە، باجی شکستی سیاسی، کردەوە وێرانکەرەکانی سەردەستەکانی گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و تیرۆری گرووپە چەکدارە سەرکێش و میلیشیاکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و یاسا بدەن.

لە راگەیاندراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، مافە دەستوورییەکانی کوردستان خێر و چاکەیەک نین کەسێک بەخشیبێتی، و رێزگرتن و پاراستنیان ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقی و دەستووریی سەر شانی هەموو عێراقییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵە.

باسیان لەوەش کردووە، شانازی بە پەیوەندیی برایەتی، هاووڵاتیبوون و چارەنووسی هاوبەش لەگەڵ هاونیشتمانییە کوردەکانیاندا دەکەن، و بەکارهێنانی ناسنامەی عەرەبی وەک پەردەیەک بۆ بەئامانجگرتنی کوردستان یان تێوەگلانی عەرەب لە چەند ململانێیەکدا کە خزمەت بە گەندەڵکاران و ئەجێندا گوماناوییەکان دەکات، رەتدەکەنەوە.

داوایان لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی عێراق کردووە پابەندی دەستوور بن، بچنە ناو گفتوگۆی بەرپرسیارانەوە، رووبەڕووی گوتاری رقوکینە و هاندانی نەتەوەیی ببنەوە، کار بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و سەروەریی یاسا بکەن و زمانی هەڕەشە و لۆژیکی هێز رەتبکەنەوە؛ پێداگریشیان کردووە کە بەرگریکردن لە کوردستان و مافە دەستوورییەکانی، بەرگریکردنە لە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و داهاتووی هەموو عێراقییەکان.